"هێزه سیاسییه‌كان داعش گه‌وره ده‌كه‌ن"
K24 - هه‌ولێر:
سه‌ره‌ڕای هێرشه سنوورداره‌كانی رێكخراوی داعش و مانه‌وه‌ی پاشماوه‌و شانه نوستووه كاریگه‌ره‌كانیان له رۆژئاوا و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی "باكوور"ـی عێراق، به‌ڵام ژماره‌یه‌ك لایه‌نی سیاسی عێراقی له چه‌ند رۆژی رابردوودا هه‌وڵی گه‌وره‌كردنی مه‌ترسییه‌كانی داعشیاندا، كار گه‌یشته ئه‌وه‌ی هۆشداریی له‌باره‌ی داگیركردنی چه‌ندین شار بده‌ن و زۆرینه‌ی هێزه سیاسییه‌كان له‌و پرسه‌دا به‌شداربوون و به‌گوێره‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیان و ئه‌و میدیایانه‌ی له به‌رده‌ستیاندایه كردیانه بابه‌تی پرۆگرامی گفتوگۆئامێز و باسكردن له گردبوونه‌وه‌ی مه‌ترسیداری چه‌كدارانی داعش له ناوچه‌كانی عێراق. ئه‌وه‌ش بووه هۆی دڵه‌ڕاوكێ له‌ناو هاووڵاتیانی ئه‌و ناوچانه‌ی رۆژئاوا و "باكوور"ـی وڵات‌دا.
هێزه عه‌ره‌بییه سوننییه‌كان، رێكخراوی داعش وه‌ك كارتی سیاسی به‌كاردێنن و كاتێك له پرسه‌ی سیاسی نا‌ئومێد ده‌بن، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌یان په‌یوه‌سته به دۆسێی ئه‌منیش. هه‌روه‌ها میلیشیا چه‌كداره‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌كانی سه‌ر به ئێران، كارتی "پاشماوه‌كانی داعش" وه‌ك قه‌ڵغانێك بۆ ھێشتنه‌وه‌ی ده‌یان هه‌زار ئه‌ندامی میلیشیاكانیان له‌ناو شار و ناوچه سوننه‌نشینه‌كان به‌كارده‌هێنن له رۆژئاوا و ناوه‌ڕاست و "باكوور"ـی عێراق.
فه‌رمانده‌یه‌كی دیاری فه‌رمانده‌یی ئۆپراسیۆنی هاوبه‌شی عێراق، له دیوانی وه‌زاره‌تی به‌رگری له به‌غداوه به رۆژنامه‌ی "العربي الجديد"ـی گوتووه: "ناوچه ئازادكراوه‌كانی رۆژئاوا و "باكوور"ـی عێراق ئێستا نزیكه‌ی نیو ملیۆن سه‌رباز و ئه‌ندامی هێزه ئه‌منییه‌كانی تێدایه، پێكهاتوون له (سوپای عێراق، پۆلیسی فیدراڵی، پۆلیسی ناوخۆیی، ده‌زگای دژه تیرۆر، هێزی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی خێرا، فه‌وجه‌كانی فریاكه‌وتن و ژماره‌یه‌كی زۆری میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی به هه‌موو پێكهاته و هێزی هۆزه‌كانیشه‌وه).
هه‌روه‌ها روونیكردووه‌ته‌وه كه "دوایین راپۆرت ئاماژه به بوونی 500 تا 600 ئه‌ندامی دیار و كارای داعش ده‌كات كه چالاكن و كرده تیرۆریستییه‌كان له‌و ناوچانه‌دا ئه‌نجام ده‌ده‌ن. ئه‌و ژماره چه‌كداره‌ی رێكخراوه توندڕه‌وه‌كه‌ش نابێته هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی ئه‌و تۆ وه‌ك ئه‌وه‌ی هێزه سیاسییه‌كان گه‌وره‌یان كردووه. به پێچه‌وانه‌وه چالاكییه‌كانی داعش له شاره‌كاندا زۆر لاوازه‌و ئه‌وان به‌شێوه‌ی سه‌ره‌كی سه‌رقاڵی دابینكردنی باره‌گا و پاراستنی سه‌ركرده‌كانیان و خاڵه ئه‌منییه‌كانی خۆیانه‌وه‌ن، به‌تایبه‌تی پاش ئه‌وه‌ی به‌م دوواییانه ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده و فه‌رمانده‌یان له عێراق و سووریا كوژران و ده‌ستگیركران".
له‌لایه‌كی دیكه‌وه لیوا نه‌جم جبووری، فه‌رمانده‌ی ئۆپراسیۆنی نه‌ینه‌وا ده‌ڵێت: "قسه‌كردن له‌باره‌ی مه‌ترسییه‌كانی داعش و درووستبوونی هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر شاره‌كان راست نییه، سوپای عێراق له نه‌ینه‌وا دۆخه‌كه‌ی خستووه‌ته ژێر ركێفی خۆی، پرۆسه هه‌واڵگرییه‌كان به‌رده‌وامن بۆ كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری و سه‌ركه‌وتووش بووین له هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی زۆر شانه‌ی تیرۆریستی و هیچ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌ش له‌سه‌ر هاووڵاتیان نییه"
هه‌روه‌ها راڤه‌ی قسه‌كانی عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقیش كراوه كه هه‌فته‌ی رابردوو گووتی: "داعش سه‌رله‌نوێ له سنووره‌كانی عێراق و سووریا ده‌ستی به چالاكی كردووه‌ته‌وه و هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر ئاسایشی نه‌ینه‌وا هه‌یه".
چاودێران پێیانوایه ئه‌و هۆشداریانه وه‌ك كارتێكی سیاسییه بۆ ئه‌وه‌ی به‌خێرایی رێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌و هه‌شت وه‌زیره بكرێت كه هێشتا بۆ كابینه‌كه‌ی دیاری نه‌كراون، به‌تایبه‌تی وه‌زیری ناوخۆ و به‌رگری.
هه‌روه‌ها حاكم زاملی، سه‌رۆكی پێشووی لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری په‌رله‌مانی عێراق گوتوویه‌تی: "ئاگادار و هۆشیاربن له‌باره‌ی مه‌ترسییه‌كانی داعشه‌وه، چونكه هێشتا هه‌ڕه‌شه‌كانی داعش وه‌ك خۆیان ماوون".