"یاریزانه‌كانی مانچێسته‌ر یونایتد كوده‌تایان به‌سه‌ر مۆرینهۆدا كردووه‌"

"مۆرینهۆ ده‌ركرا به‌هۆی ئه‌وه‌ی متمانه‌ی سه‌رجه‌م یاریزانه‌كانی ژووری جلگۆڕینی له‌ده‌ستدا بوو"

به‌ گوێره‌ی راپۆرتێكی رۆژنامه‌وانی بریتانیا، خۆزێ مۆرینهۆ متمانه‌ی سه‌رجه‌م یاریزانه‌كانی ژووری جلگۆڕینی مانچێسته‌ر یونایتدی له‌ده‌ستدا بوو، بۆیه‌ ده‌ركراوه‌، له‌ دوای هه‌واڵی دوورخرانه‌وه‌شی پۆگبا وێنه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتنی به‌بۆنه‌ی ده‌ركردنی مۆرینهۆ بڵاو كرده‌وه‌ و دواتر زوو سڕییه‌وه‌.

پێگه‌ی ده‌یلی میره‌ری بریتانیا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ له‌ نێو ژووری جلگۆڕینی مانچێسته‌ر یونایتد ده‌نگی ناڕه‌زایی له‌ دژی مۆرینهۆ به‌رزبۆته‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌و راهێنه‌ره‌ دوورخراوه‌ته‌وه‌.

له‌ دوای هه‌واڵی دوورخرانه‌وه‌ی مۆرینهۆ، پۆگبا وه‌ك یه‌كه‌مین یاریزان وێنه‌یه‌كی خۆی له‌ ئینستاگرام بڵاو كرده‌وه‌ و دواتر زوو سڕییه‌وه‌.

میره‌ر هێمای بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ پۆگبا ئه‌م وێنه‌یه‌ی وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر مۆرینهۆدا بڵاو كردۆته‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ له‌ دوایین یاری مانچێسته‌ر یونایتد به‌رامبه‌ر لیڤه‌رپوول، مۆرینهۆ به‌شێوه‌یه‌كی چاوه‌ڕواننه‌كراو پۆگبای له‌سه‌ر كورسی یه‌ده‌گ دانا بوو، ئه‌مه‌ش ره‌خنه‌ و ناره‌زاییه‌كی زۆری له‌ نێو میدیاكان و هانده‌رانی شه‌یتانه‌ سووره‌كان لێكه‌وته‌وه‌.

مۆرینهۆ لەگەڵ مان یونایتد 144 یاریی ئەنجام دا، 84 بردنەوە و 31 بەرامبەربونوی بەدەستهێنا و 29 یاریی دۆڕاند، لە ماوەی سێ ساڵدا خۆزێ سێ نازناوی لەگەڵ رێد دێڤڵز بەدەستهێنا، ساڵی رابردوو بوونە پاڵەوانی یۆرۆپالیگ و جامی خولی ئینگلیزی و دوو ساڵ لەمەوبەریش قەڵخانی خێرخوازیی ئینگڵاندی بەدەستهێنا.