مه‌سرور بارزانی داوا له په‌رله‌مانتارانی پارتی ده‌كات له به‌ڵێنه‌كانیان راستگۆ بن
K24- هه‌ولێر:
مه‌سرور بارزانی له‌گه‌ڵ فراكسیۆنی پارتی ديموكراتى كوردستان له په‌رله‌مانی كوردستان كۆبووه‌وه و رایگه‌یاند: "ده‌بێت له خولی ئه‌مجاره‌ی په‌رله‌ماندا سیستمێك جێگیر بكرێت، كه له خزمه‌تی كوردستانێكی به‌هێز بێت".
هه‌ر له دیداره‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ فراكسیۆنی پارتی، مه‌سرور بارزانی باسی ئه‌ركی په‌رله‌مانتاران كرد و رایگه‌یاند، "ئه‌ركی قورستان له‌ئه‌ستۆیه، چونكه ده‌بێت له‌م خوله‌ی ئێستادا سیستمێك جێگیر بكرێت، كه له خزمه‌تی كوردستانێكی به‌هێز بێت"، گوتیشی: "گه‌وره‌ترین به‌ڵێن راستگۆییه".
هه‌روه‌ها مه‌سرور بارزانی زۆر به بایه‌خه‌وه باسی له ژیان و گوزه‌رانی پێشمه‌رگه و خانه‌واده‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان كرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، "پێویسته له‌م خوله‌دا زۆرترین كار بۆ ئاسووده‌یی ژیانی پێشمه‌رگه و سارێژكردنی برینه‌كانی خانه‌واده‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان بكه‌ن"، و گوتی: "ده‌بێ ئه‌م پرسه بخه‌نه پێشینه‌ی كاره‌كانتان".
هه‌ر له وته‌كه‌یدا مه‌سرور بارزانی باسی له ماف و ئه‌ركی هه‌مووان كرد و رایگه‌یاند، "هه‌موومان خاوه‌نی كوردستانین" و گوتی: "ده‌بێت كار بۆ سڕینه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگی لێكجیاكردنه‌وه‌ی هاووڵاتی و ده‌سه‌ڵات بكرێت و پێویسته كاری ئێمه رازیكردنی جه‌ماوه‌ر بێت، نه‌ك ئه‌م و ئه‌و".
له درێژه‌ی قسه‌كانیدا مه‌سرور بارزانی جه‌ختی كرده‌وه، "پارتی بزووتنه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌رییه بۆ هێنانه‌دی مافه‌كان و ژیانێكی ئاسووده و خۆشگوزه‌ران بۆ جه‌ماوه‌ری گه‌لی كوردستان".
دووپاتیشی كرده‌وه،" پێویسته ده‌رفه‌تی یه‌كسان بۆ هه‌مووان بێ جیاوازی بڕه‌خسێندرێت"، گوتیشی: "پێویسته وه‌ك ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان و چاوێریكردنی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن له‌گه‌ڵ هه‌موو په‌رله‌مانتاران له‌كاركردندا هاوئاهه‌نگ بن".
H.B