رۆحانی: ئه‌و رووداوانه‌ی له ئێران ده‌گوزه‌رێن هیچ بایه‌خێكیان نییه .. 12 كه‌س كوژراون
K24- هه‌ولێر:
حه‌سه‌ن رۆحانی سه‌رۆك كۆماری ئێران له‌میانه‌ی كۆبوونه‌یه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ لێژنه‌كانی په‌رله‌مانی وڵاته‌كه‌ی، له گرنگی ئه‌و رووداوانه‌ی كه‌مكرده‌وه، كه ئێستا له وڵاته‌كه‌ی ده‌گوزه‌رێت و جه‌ختیشی كرده‌وه، ئه‌و دۆخه تێده‌په‌ڕێنین.
رۆحانی له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا، له گوتارێكدا تایبه‌ت به‌و خۆپیشاندانانه‌ی كه ماوه‌ی 5 رۆژه شاره‌كانی ئێرانی گرتۆته‌وه، گوتی: "ئه‌و رووداوانه هیچ گرنگییه‌كیان نییه، چونكه گه‌لی ئێران زۆری دۆخی له‌مشێوه‌یه‌ی بینیوه و هه‌مووشیان به‌ئاسانی تێپه‌ڕاندووه".
هه‌روه‌ها گوتی، "خۆپیشاندانه‌كان په‌یوه‌ندیان به سیسته‌می فه‌رمانڕه‌وایی، شۆڕش، به‌رژه‌وه‌ندی گشتی، ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و سه‌قامگیری ئێران و ناوچه‌كه‌وه هه‌یه"، جه‌ختی كرده‌وه، هه‌موو خۆپیشانده‌ران ده‌ستی ده‌ره‌كییان له‌پشت نییه.
رۆحانی ئه‌و رووداوانه‌شی به ده‌رفه‌تێك بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی وه‌سفكرد و پێداگیری كرد، "دوژمن له گه‌وره‌یی گه‌ل و پێشكه‌وتن و سه‌ركه‌وتنه‌كانی ئێران تووڕه‌یه. به‌ڵام خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی ده‌رفه‌ته نه‌ك هه‌ره‌شه و خودی گه‌لی ئێران وه‌ڵامی ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه ده‌ده‌نه‌وه، كه ده‌ستیان له‌پشت ئاڵۆزییه‌كانه‌وه هه‌بووه".
هه‌ر له‌و گوتاره‌یدا رۆحانی په‌نجه‌ی تۆمه‌تی بۆ ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل درێژ كرد، كه به‌بۆچوونی خۆی، ده‌ستیان له پشت هاندانی خۆپیشانده‌ران هه‌بووه، به‌مه‌به‌ستی تۆڵه سه‌ندنه‌وه‌یان له ئێران.
وه‌ك ئاماژه‌یه‌كیش بۆ لێدوانێكی محه‌مه‌د بن سه‌لمان شازاده‌ی جێنشینی سعوودیه، رۆحانی گوتی: "دوژمن گوتوویه‌تی ئه‌و شه‌ڕ ده‌گوازێته‌وه ناوخۆی ئێران.. لێره‌وه پێی ده‌ڵێم، گه‌ل و به‌رپرسان وه‌ڵامت ده‌ده‌نه‌وه".
رۆحانی ده‌شڵێت، ئه‌و له‌و باوه‌ڕه‌دایه ئه‌مه‌ریكا رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی ئێرانی له‌به‌رده‌م هاوپه‌یمانانی له ئه‌وروپای ئیفلیج كرد و جه‌ختیشی كرده‌وه، وڵاته‌كه‌ی به‌ده‌ست چه‌ندین كێشه‌وه ده‌ناڵێنێت كه هیچ له‌م كێشانه په‌یوه‌ندییان به حكومه‌ته‌وه نییه، له‌وانه‌ش: وشكه‌ساڵی، به‌بیابان بوون، بومه‌له‌رزه و ژه‌هراویبوونی ژینگه. رۆحانی پێداگیریشی كرد، به به‌راوردكردن، دۆخی ئابووری ئێران له دۆخی وڵاتانی مامناوه‌ندی جیهانی باشتره و، گه‌شه‌ی ئابووریش له‌ماوه‌ی ئه‌مساڵدا گه‌یشتۆته له 6%.
سه‌باره‌ت به سووریاش سه‌رۆككۆماری ئێران گوتی، وڵاته‌كه‌ی رۆڵێكی گرنگ له پێناو چه‌سپاندنی ئاشتی له سووریا و پاراستنی سه‌قامگیری له عێراق و لوبنان و به‌رگریكردن له سته‌ملێكراوان ده‌گێڕێت.
ئه‌م گرنگی نه‌دانه‌ی رۆحانیش به‌رووداوه‌كانی ئێران له‌كاتێكدایه، كه به‌گوێره‌ی كه‌ناڵه فه‌رمییه‌كانی ئه‌و وڵاته، له‌ماوه‌ی ته‌نیا 5 رۆژدا 12 خۆپیشانده‌ر له شاره‌كانی ئه‌و وڵاته له توندوتیژییه‌كاندا كوژراون، به‌ڵام چالاكوانان ژماره‌كه به زۆر له ژماره‌ی راگه‌یه‌ندراو زیاتر ده‌خه‌مڵێنن.