دەزگای خێرخوازی بارزانی لە برۆکسل بەشداری کۆنفرانسێك دەكات

"بۆ خزمەتكردنی زیاتری ئاوارە و لێقەوماوان پەیوەندییەكانمان پتەوتر دەكەین"
kurdistan24.net

K24 - برۆكسل

بە بەشداری زیاتر لە 200 رێکخراوی خێرخوازی لەبوارە جیاوازەکان و لە شەست وڵاتی جیھان، کۆنفراسێکی نێودەوڵەتی لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا بەرێوەچوو، نوێنەری دەزگای خێرخوازی بارزانی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا، بەشداریان لە كۆنفرانسەكەدا كرد.

ئەو كۆنفرانسە بە مەبەستی نزیكبوونەوە و ئاشنابوونی ریكخراوە خێرخوازییەكانی جیھان و كاری ھاوبەش رێكخرابوو، سەرپەرشتیاری كۆنفرانسەكەش ئاشكرای دەكات، بەشداریكردنی رێكخراوێكی خێرخوازی كوردی لەسەر ئاستی ھەرێمی كوردستان و عێراق گرنگی خۆی ھەیە.

نیکۆلاس ریوزۆر فۆرد، سەرپەرشتیاری کۆنفراسی نێودەوڵەتی له‌ برۆكسل بە كوردستان24 راگەیاند: "بەخێرھاتنی دەزگای خێرخوازی بارزانی دەكەین، ھیوادارین لە داھاتوودا رێكخراوەكانی دیكەش لە ھەرێمی كوردستان و عێراق بەشداری بكەن، ھاتنی ئەو رێكخراوانە بۆ برۆكسل و ئاشنایەتیان لەگەڵ رێكخراوە جیھانییەكان، باشترین كارە كە ئەنجامی بدەن بۆ ھاوكاری كردنی لێقەوماوان".

نوێنەری دەزگای خێرخوازی بارزانی، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە دەیانەوێت رێكخراوە جیھانییەكان بھێننە كوردستان بە مەبەستی چارەسەركردنی كێشەی ئاوارەكان لە ھەموو بوارەكان.

ئاوات مسته‌فا، نوێنەری دەزگای خێرخوازی بارزانی لە ئەوروپا بە كوردستان24 گوت: "بەشداریكردنی دەزگای خێرخوازی بارزانی لەو كۆنفرانسەدا لەچوارچێوەی پتەوكردنی پەیوەندییەكانیەتی لە یەكێتی ئەوروپا و جیھان، سەرۆكایەتی دەزگای خێرخوازی بارزانی بڕیاریداوە كە بەشێوەیەكی چالاكانە كاربكات لە یەكێتی ئەوروپا".

گوتیشی: "مەبەستمان لە بەشداریكردن لەو جۆرە كۆنفرانسانە ئەوەیە، ئازار و مەینەتییەكانی خەڵكی كوردستان و خوشك و برا ئێزدی و كریستیانەكان و گەلانی دیكە بگەیەنین، كە بەھۆی داعش تووشی نەھامەتی زۆربوونە. لە ھەمانكاتدا بۆ خزمەتی زیاتری لێقەوماوان دەزگای خێرخوازی بارزانی پێویستە پەیوەندییەكانی بەرفراوانتر بكات و دۆست و ھاوبەشی نوێ بدۆزێتەوە، بۆ ئەوەی ئەو پڕۆژانەی لە پلانمان دایە لە داھاتوودا ئەنجامیان بدەین".

ھەروەھا دلاوه‌ر ئاژگه‌یی، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا دەڵێ: "بەشداریكردن لە كۆنفرانسێكی وا گەورە كە ساڵانە لە برۆكسل ئەنجامدەدرێت، كە ھەزاران رێكخراوی ناحكوومی بەشداری دەكات گرنگی خۆی ھەیە، لەو چوارچێوەیە توانیومانە ببینە پردی پەیوەندی نێوان رێكخراوەكانی جیھانی و ھەرێمی كوردستان یەكێك لەو رێكخراوانەش دەزگای خێرخوازی بارزانییە".

ھ.م