وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی گەڕانەوە بۆ ناوچە كوردستانییەكان روونكردنەوە دەدات

"گەیشتووینەتە ئەو بڕوایەی كە ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش ئەنجامبدەین"

K24 - ھەولێر

لە راگەیەندراوێكدا وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگە بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیداری ھەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات "تائێستا ھیچ بڕیارێكی فەرمی نەدراوە، بەڵام لەگەڵ سوپای عێراق گەیشتوونە ئەو بڕوایەی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش دژی تیرۆرستان ئەنجامبدەن".

ئەو راگەیەندراوەی وەزارەتی پێشمەرگە كە لە زاری فەریق جەبار یاوەر، ئەمیندارى گشتى وەزارەتى پێشمەرگە بڵاوكراوەتەوە تێیدا ھاتووە: "تاکو ئێستا هیچ جۆرە گفتوگۆ و کۆبونەوەى فەرمى نەبووە لە نێوان وەزارەتى پێشمەرگە و وەزارەتى بەرگرى عێراق لە بارەى گەڕانەوەى هێزەکانى پێشمەرگە بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەى هەرێمى کوردستان و هیچ جۆرە بڕیارى فەرمیش لەوبارەوە نەبووە، بەڵکو تەنها وەزارەتى بەرگرى حکوومەتى فیدرالى عێراق و وەزارەتى پێشمەرگە گەیشتونەتە ئەو بڕوایەى کە باشترین رێگا بۆ لەناوبردنى تیرۆرستانى داعش و کۆتایى هێنان بە جموجوڵ و کارى تیرۆرستیان لە ناوچەکانى دیالە و سەلاحەدین و کەرکووك و مەخموور و مووسڵ ئەوەیە کە کارى ئۆپەراسیۆنى هاوبەش هەبێت لە نێوان هێزەکانى پێشمەرگە و هێزەکانى سوپاى عێراق دژ بە تیرۆرستانى داعش و چاوەڕوانین لەوبارەوە کۆبونەوەى فەرمى بکرێت و رێگا و شوێن و میکانیزمى گونجاو دابنرێت".