به‌غدا رێگرى له سه‌ردانى وه‌زيرێكى ئه‌وروپى بۆ هه‌ولێر ده‌كات
K24 – هه‌ولێر:
له چوارچێوه‌ى دژايه‌تيكردنى هه‌رێمى كوردستان و سه‌پاندنى سزاكان به‌سه‌ريدا، حكومه‌تى عێراق رێگه‌ی نه‌داوه وه‌زيرى به‌رگرى به‌لژيكا سه‌ردانى هه‌ولێرى پايته‌خت بكات.
به‌گوێره‌ی زانیاریی میدیاكانی به‌لژیكا، له كۆتایی مانگی رابردوودا وه‌زیری به‌رگری ئه‌و وڵاته ستیڤن ڤاندیپیت، ویستوویه‌تی بۆ كریسمس سه‌ردانی سه‌ربازانی به‌لژیكی بكات كه له هه‌رێمی كوردستانن، به‌ڵام حكومه‌تی به‌غدا رێگه‌ی پێنه‌داوه و ئه‌ویش سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ عێراق ره‌تكردووه‌ته‌وه.
هه‌روه‌ها میدیاكانی به‌لژیكا ئه‌وه‌شیان ئاشكرا كردووه كه وه‌زیری به‌رگری له بڕیاره‌كه‌ی به‌غدا زۆر تووڕه بووه و گوتوویه‌تی "ئێمه له‌رێگای دیپلۆماسییه‌وه هه‌ڵوێستمان به‌رامبه‌ر به به‌غدا ده‌بێت".
به‌لجیكا یه‌كێكه له‌و وڵاتانه‌ی ژماره‌یه‌ك راهێنه‌ری سه‌ربازی ره‌وانه‌ی هه‌رێمی كوردستان كردووه به‌مه‌به‌ستی مه‌شپێكردنی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و راهێنانیان بۆ شه‌ڕی دژی داعش.