گۆڕان کۆبوونەوەی یەکلاکەرەوە ئەنجام دەدات

ئەمڕۆ جڤاتی گشتی و نیشتیمانی بڕیار دەدەن

K24 – هه‌ولێر:

بۆ پەسەندکردنی رێککەوتنی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، هەردوو جڤاتی گشتی و نیشتیمانیی بزووتنەوەی گۆڕان کۆدەبنەوە.

ئارام بەختیار، پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند، کاتژمێر سێی ئەمڕۆ یەک شەممە 17/02/2019، جڤاتی گشتی، کاتژمێر پێنجیش جڤاتی نیشتیمانی کۆدەبنەوە.

ئامانجی ئەو دوو جڤاتە پەسەندکردن، یان رەتکردنەوەی ئەو رێککەوتنە چوار خاڵییەیە، کە دوێنی لە گردی زەرگەتە ، بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی باسیان لێوە کرد.

سەرەتا جڤاتی گشتی کە رۆلی راوێژکارییە، رێککەوتنەکە تاوتوێ دەکات و دواتر بۆ جڤاتی نیشتیمانی بەرز دەکاتەوە.

بە گوێرەی رێککەوتنەکە، فراکسیۆنی پارتی و گۆڕان لە 18ی مانگدا بەشداریی کۆبوونەوەی پەرلەمان دەکەن و لەسەر پێکهێنانی حکوومەتیش، گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی.

تاکو ئێستا بزووتنەوەی گۆڕان بە فەرمی بڕیاری بەشداریکردنی لە حکوومەت نەداوە، بەڵام چاوەڕێ دەکرێت ئەمڕۆ ئەو پرسە یەکلا بکرێتەوە.

ئەگەرچی چەند هەنگاوێک بە ئاراستەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان نراون، بەڵام تاکو ئێستا بە فەرمی هیچ پلە و پۆستێک لە بەرژەوەندیی هیچ لایەک یەکلا نەکراوەتەوە.

‌H.J