ئه‌حمه‌د سه‌فار: هیچ هێزێك ناتوانێت مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌ به‌غدا ڕابگرێت

"یاسای بودجە تا كۆتایی ساڵ وەك خۆی جێبەجێ دەكرێت"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، یاسای بودجەی ئەمساڵ لە پەرلەمان دەنگی لەسەر دراوە و وەك خۆی جێبەجێ دەكرێت، بۆیه‌ ھیچ مەترسییەك لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان نییە.

ئه‌حمه‌د سه‌فار، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق بە كوردستان24ی راگەیاند: "یاسای بودجەی عێراق یاسایەكی ساڵانەیە، ئەو یاسایە بۆ ساڵی 2019 پەسند كراوە  و تا كۆتایی ئەمساڵ جێبەجێ دەكرێت، بۆیه‌ ھیچ ھێزێك ناتوانێ گۆڕانكاریی لە بڕگەكانی ئەو یاسایەدا بكات، چونكە لە پەرلەمان دەنگی لەسەر دراوە".

گوتیشی: "بڵاوكردنەوەی دەنگۆی نەھاتنی پشكی ھەرێم و مووچەی فەرمانبەران، لەلایەن ھەندێك لایەنەوەیە، كە پێیان ناخۆشە ئێستا پەیوەندییەكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق ئاسایی و یاساییە".

ئه‌حمه‌د سه‌فار، جەختی كردەوە: "لە رووی یاساییەوە، ھیچ مەترسییەك لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان نییە".

ھ.م