بارزانى.. پێشمه‌رگه‌ی سه‌ربه‌خۆیی

چه‌ند لایه‌نێكی ژیانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و پێشمه‌رگایه‌تی مه‌سعود بارزانی
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

مەسعود مستەفا محەمەد بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان، کوڕی سەرکردەی مێژوویی کورد مەلا مستەفا بارزانییە، مەسعود بارزانی لە رۆژی 16ی ئابی ساڵی 1946, لە سەردەمی کۆماری کوردستان لە مەهاباد لە دایکبوو، کە هەمان رۆژی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستانیشە.

بارزانی کوڕی ماڵباتێکی بەنێوبانگی شۆڕشگێر و ئایینییە، کە سەدەیەکە لە پێناو بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەکانی کورد تێدەکۆشن، لەو پێناوەش شێخ عەبدولسەلامی مامی لە ساڵی 1914, بەهۆی داواکاری بۆ سەربەخۆیی کوردستان, دوای دەستگیرکردنی لەلایەن عوسمانییەکانەوە لە موسڵ لە سێدارە دەدرێت.

بارزانی تەمەنی چەند مانگێك دەبێت، کە یەکەم کۆماری کوردستان لە مەهاباد دەرووخێت، مستەفا بارزانی ئەوکات ژەنەراڵێکی کۆمارەکە بوو، دوای بەرخودانێکی زۆر، لەگەڵ 500 هەڤاڵی دیکەی خۆیان دەگەیەننە یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو، مەسعود بارزانی لە باوکی دادەبڕێ و بە ناچاری دەگەڕێنەوە باشووری کوردستان لە کەمپەکانی ئاوارەکان لە دیانا نیشتەجێ دەکرێن، شێخ ئەحمەدی مامیشی راپێچی زیندان دەکرێت.

ساڵی 1958، کە لە عێراق شۆڕش بەرپا دەبێت، مستەفا بارزانی وەك پاڵەوانێك و  لە نێو ئاپۆرای هەزاران خەڵك لە شارەکانی عێراق دەگەڕێتەوە و ئەوکاتەش مەسعود بارزانی بە دیداری باوکی شاد دەبێتەوە.

لەگەڵ تێکچوونی پەیوەندییەکانی سەرکردایەتی کورد و عەبدولکەریم قاسم سەرۆک کۆماری ئەوسای عێراق، کە لەگەڵ هاتنیدا, بەڵێنی پێدانی مافەکانی بە کورد دابوو، لە ساڵی 1961 شۆڕشی ئەیلوول هەڵگیرسا، مەسعود بارزانیش لەو ساڵەوە چەکی پێشمەرگایەتی دەکاتە شان و تا ئێستاش وەك خۆی چەندین جار دووپاتی کردووەتەوە، ناوی پێشمەرگە لەهەموو پۆست و پلەیەك بە باڵاتر دەزانێت. لەو سەردەمەشەوە هاوکارێکی نزیکی باوکی دەبێت و بەشدارییەکی کاریگەری هەبووە لە حزب و شۆڕشدا.

لە دوای رێککەوتنامەی جەزائیر و شکستی شۆڕشی ئەیلوول لە بەهاری ساڵی 1975، جارێکی دیکە بارزانی و ماڵباتەکەی ئاوارەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەبنەوە، دواتریش لەگەڵ ئیدریس بارزانی برای و سەرکردەکانی دیکەی پارتی، شۆڕشیان دەستپێکردەوە و بەردەوامی بە خەبات درا.

لە دوای نەخۆشکەوتنی باوکیشی، چەند جارێک هاوەڵی مەلا مستەفا بارزانی بووە لە کاتی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی لە ئەمریکا. لەدوای کۆچی باوکی و لە مانگی 11ی ساڵی 1979, لە کۆنگرەی نۆیەمی پارتی کە لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەسترا، مەسعود بارزانی وەك سەرۆکی پارتی هەڵبژێردرا.

لە ساڵانی هەشتاکاندا، لەگەڵ ئیدریس بارزانی برای، هەوڵی زۆریاندا بۆ پێکهێنانی چەند بەرەیەك بۆ رووبەڕووبوونەوه و بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی حکوومەتی بەعسی لە عێراق، سەرەڕای فەرماندەییکردنی هێزی پێشمەرگهی کوردستان و سەرپەرشتیکردنی بەردەوامی خەبات.

 لەدوای پێکهێنانی بەرەی کوردستانی لە ساڵی 1988، بارزانی دەبێتە سەرکردەی ئهو بهرهیه لەناوەوەی وڵات، هەر ئەو سەرکردایەتییە ناوخۆییەی بەرەی کوردستانیش، ئامادەسازیی و سەرپەرشتی راپەڕینی بەهاری 1991ی کرد. هەر لە سەرهتای راپەڕینەوە، سەرۆك بارزانی داوای هەڵبژاردن و بە سیستەمکردنی باشووری کوردستانی دەکرد، ئەوەبوو ساڵی 1991 لە گردبوونەوەیەکی جەماوەریی لە شاری کۆیە, داوای هەڵبژاردنێکی ئازادی لە هەرێمی کوردستان کرد.

 ساڵی 1992 هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدرا، بارزانی یەکێك بوو لە کاندیدانی هەڵبژاردنی رابەری بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان، هەرچەندە زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستهێنا، بەڵام دواتر هەڵبژاردنەکە بۆ قۆناخی دووەم و لە نێوان دوو کاندید دیاریکرا، بەڵام بەهۆی بارودۆخی ئەوکات, قۆناخی دووەم ئەنجام نەدرا. پارتیش هەرچەندە یەکەمی هەڵبژاردنەکان بوو، بەڵام رازیبوو بە رێژەی پەنجا بە پەنجا لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانی, کە پێکهێنانی حکوومەت و پەرلەمانی کوردستانی لێکەوتەوە.

لەدوای رووخانی رژێمی سەدام لە ساڵی 2003، مەسعود بارزانی رۆڵێکی سەرەکی لە نووسینەوەی دەستووری نوێی عێراق ههبووە و هەوڵەکانی ئەو و سەرکردایەتی کورد وایکرد، مافی گەلی کورد لە دەستوور بچەسپێندرێت، یەکێکیش بوو لە دامەزرێنەرانی مەجلیسی حوکمی عێراق لە تەممووزی 2003 و لە خوولێکی سێ مانگیشدا سەرۆکایەتی ئەو ئەنجوومەنەی لە ئەستۆ بووە.

بارزانی لە تەممووزی ساڵی 2005, وەك یەکەمین سەرۆکی هەرێمی کوردستان, لەلایەن پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێردرا، لە ساڵی 2009 بە دەنگی پتر لە 70%ى خەڵکی هەرێمی کوردستان, جارێکی دیکە بووەوە بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە حوزەیرانی 2013 پەرلەمانی کوردستان، لەبەر پێویستی دۆخەکە  و بە رێککەوتنی نێوان یەکێتی و پارتی, جارێکی دیكه بە سەرۆکی ههرێمی کوردستان دیاریكرایهوه.

بارزانی لەماوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستاندا، هەوڵە دیپلۆماسییەکانی پەرە پێدا و لەگەڵ زۆرینەی سەرۆك و سەرکردەی وڵاتانی جیهان کۆبووەوە و وەکو سەرۆکێکی رێزلێگیراو پێشوازی لێدەکرێت. بەردەوامیش سەرۆك و بەرپرسە باڵاکانی جیهان سەردانی بارزانی دەکەن و لە کێشە و پرسە ناوخۆییەکانی عێراق و ناوچەکە, راوێژ و گفتوگۆی لەگەڵ دەکەن. بهر له کەوتنی موسڵ، چەندینجار هۆشداری سەرهەڵدانی گرووپی تووندڕەوی دەکرد، لە دوای کەوتنی ئەو شارەش, سەنگەرەکانی پێشمەرگەی توندوتۆڵکرد.

 لەگەڵ هاتنی داعش و نزیکبوونەوەی لە سنووری پارێزگای هەولێر، بە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی بارزانی, هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە شەڕی تیرۆریستانی داعشدا بەهانای هەرێمی کوردستانەوە هات و بە بۆردومانی ئاسمانی و ناردنی یارمەتی سەربازی، هاوکاری هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکەن.

 ئێستا بارزانی بەردەوامە لە رابەرایەتیکردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و خۆی سەرپەرشتی بەرەکانی پێشەوەی شەڕ دەکات و لەژێر فەرماندەیی ڕاستەوخۆی ئەو, ئۆپهراسیۆنەکانی ئازادکردنی بهنداوی موسڵ، رەبیعە, زوومار, چیای شنگال, شنگال و شوێنەکانی دیكه، بە سەرکەوتوویی ئەنجامدراون، لە هەمانکاتدا پەیوەندی و هەوڵە دیپلۆماسییەکانی چڕکردووەتەوە بۆ بەدیهێنانی خەونی لەمێژینەی گەلی کوردستان, کە بارزانی بەردەوام دووپاتیدەکاتەوە،  کوردستان ئێستا لە هەموو کاتێك لە سەربەخۆیی نزیکتر بووەتەوە.

بارزانی شەیدای خوێندنەوەیە بە تایبەتیش حەز بە خوێندنەوەی کتێبی مێژوویی و یادداشت دەکات, هەروەها زۆر حەزیشی لە خوێندنەوەی ئەدەبیاتی کلاسیکی کوردییە، هەروەها حەزیشی لە وەرزشە بەتایبەتی مەلەوانی.

لە ساڵی 1965 ھاوسەرگیری کردووە و باوکی پێنج کوڕ و سێ کچە، زمانەکانی عەرەبی و فارسی و ئینگلیزی بە باشی دەزانێت, چەندین نووسینی لە رۆژنامە و گۆڤارە ناوخۆیی و جیهانییەکان هەیە و پەرتووکێکی چەند بەرگیشی بە ناوی (بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد) بڵاوکردووەتەوە.