ئه‌مریكا له‌ توندوتیژییه‌كانی كه‌ركووك نیگه‌رانه‌

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا راگه‌یه‌نراوێكی له‌سه‌ر ره‌وشی كه‌ركووك بڵاوكرده‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند ئەمریکا یەکجار نیگەرانە سەبارەت بە تووندوتیژییەکانی کەرکووک.

رۆژی سێ شەممە لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند ئەوان لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ بارودۆخی کەرکووک دەکەن و داواشی لە هەموو لایەنەکان کرد تا لە چالاکییە سەربازییەکان هەماهەنگی لەگەڵ یەکتر بکەن و ئارامی بۆ ناوچەکە بگەڕێننەوە. ئاشکراشی کرد ئەمریکا پاڵپشتی لە ئیدارەدانێکی هاوبەش و ئاشتییانەی کەرکووک لەلایەن حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات و ئەمەش لەگەڵ دەستووری عێراق  سەبارەت بە  ناوچە جێناکۆکەکان یەک دەگرێتەوە.

 ئاماژەش بەوە دەدات ئەمریکا لەگەڵ کاربەدەستانی بەغدا و هەولێر کار دەکات بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و هاندانی دیالۆگ لە نێوانیان و رێگەگرتن لە پێکدادانی زیاتر.

لە راگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەروەها داوا لە بەغدا و هەولێر دەکات،  یەکتر نەورووژێنن بۆئەوەی دوژمنەکانی عێراق کە چاویان لە هەڵگیرساندنی شەڕی ئەتنیکی و تایفییە سوودمەند نەبن. جەختیش دەکاتەوە ئەمریکا بە تایبەتی تێبینیی ئەوەی کردووە کە بۆ شکستپێهێنانی داعش لە عێراق کارێکی زۆر ماوە و گرژییە بەردەوامەکانی نێوان هێزەکانی عێراق و پێشمەرگە رێگرە لەوەی تەرکیز لەسەر ئەم ئەرکە سەرەکییە بکرێت.

 دەشڵیت ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیی هاوپەیمانانی لە عێراق بۆ دڵنیابوون لە تێکشکاندنی داعش.