بەرپرسێکی پاسداران: دانوستان لەگەڵ واشنتن و شەیتان وەک یەکە

"هیچ بەرهەمێکی نابێت"

K24 – هه‌ولێر:

بەرپرسێکی باڵای سوپای پاسداران رایگەیاند، دانوستان لەگەڵ واشنتن هاوشێوەی دانوستانه‌ لەگەڵ شەیتان.

عەلی فەدەوی، فەرماندە لە سوپای پاسداران و بەرپرسی پێشووی هێزی دەریاوانیی، بە ئاژانسی هەواڵی فارسی گوتووە: "بە گوێرەی قورئان، قسەکردن لەگەڵ شەیتان، هیچ بەرهەمێکی نابێت".

راشیگەیاند: "هێنانی هێز لە لایەن ئەمەریکاوە بۆ ناوچەکە کارێکی لاوازانەیە".

ئەمەریکا لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا، کەشتیی فڕۆکەهەڵگر و سیستمی بەرگریی مووشەکی پاتریۆت و چەند جۆرێکی فڕۆکەی بۆمبهاوێژی بۆ کەنداو و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناردووە و بڕیاریشی داوە، هەزار و 500 سەرباز رەوانەی ناوچەکە بکات.

هەموو ئەمانەش، بە گوتەی بەرپرسانی کۆشکی سپی، بۆ بەرگریکردنە لە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا، نەک هێرشکردنە سەر ئێران. تارانیش لە رێگای هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە، دەیەوێت پێگەی خۆی بەهێزتر بکات.

RT

H.J