لەكۆی 31 پارێزگای ئێران، 27ـیان لە دۆخی سووری تەشەنەسەندنی كۆرۆنان

لە 24 كاتژمێردا نزیكەی 13 ھەزار كەس تووشی ئەو پەتایە بوون
kurdistan24.net

 

K24 - هەولێر

ڤایرۆسی كۆرۆنا لە تەواوی ناوچەکانی ئێران و رۆژھەڵاتی كوردستان بڵاوبووەتەوە، بەشێوەیەک رێژەی تووشبوون بەو ڤایرۆسە رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر دەبێت، رۆژی شەممە لە 24 كاتژمێردا نزیكەی 13 ھەزار كەس تووشی ئەو پەتایە بوون، ئەوەش زۆرترین ژمارەی تووشبوونە لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ئەو پەتایە لە ئێران.

بەپێی بڕیاری ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا لە ئێران لە رۆژی شەممەوە ھاتووچۆ و قەرەباڵغی لە شوێنە گشتییەكان بە شێوەیەكی بەرچاو سنووردار دەكرێت، بەپێی بڕیارەكە جگە لە ناوەندە ئەمنی و تەندروستییەكان، لە سەرجەم دامودەزگا دەوڵەتییەكان تەنیا یەك لەسەر سێی كارمەندەكانیان دەتوانن بچنە سەر كارەكانیان. ھاوكات سەرجەم ئەو كار و پیشانەی شوێنەکانیان داخراوە، بۆ ماوەی دوو ھەفتە دادەخرێن. تەنیا ھەندێك كار و پیشە نەبێت، كە لە شوێنی سەرئاوەڵا و لەدەرەوە كارەكانیان دەكەن، دەتوانن بەشێوەیەكی سنووردار بچنەوە سەر كارەكانیان.

بەپێی دواین ئامار؛ لەكۆی 31 پارێزگای ئێران 27ـیان لە دۆخی سووری تەشەنەسەندنی كۆرۆنان. عەلیڕەزا رەئیسی، گوتەبێژی ناوەندەی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا لە ئێران دەڵێ "لەكۆی 82 ملیۆن دانیشتووی ئێران، نزیكەی 79 ملیۆن كەس لەو وڵاتە بەشێوەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ مەترسی كۆرۆنایان لەسەرە".

لەگەڵ ھەمووی ئەوانەشدا لە رۆژی یەكەمی راگەیاندنی قەدەغەی ھاتووچۆ، شەقام و بازاڕەكان، بەتایبەتیش میترۆی تاران ھەر قەرەباڵغ بوون.

بۆ كەمكردنەوەی قەرەباڵغی، حەسەن روحانی، سەرۆككۆماری ئێران بڕیاریداوە بڕی 100 ھەزار تومەن، كە دەكاتە نزیكەی 3 دۆلار بداتە ھاووڵاتیان، بەڵام حوسێن عەلی شەھریاری، سەرۆكی لیژنەی تەندروستیی پەرلەمانی ئێران رەخنە لەو بڕیارە دەگرێت و، دەڵێ ھاووڵاتیان ناتوانن بەو بڕە پارەیە بژین و ناچارن لەماڵ بچنەدەرەوە، بۆیە بەو بڕیارانەی لە دوێنێوە بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی زیاتری کۆرۆنا جێبەجێ دەكرێن، گەشبین نییە.