لە یۆنان چوار پەنابەری كورد كوژران

لەلایەن پەنابەرانی عەرەب ھێرشكرایە پەنابەرانی كورد

K24 - ھەولێر

لە وڵاتی یۆنان ژمارەیەك پەنابەری عەرەبی عێراقی و سووری ھێرش دەكەنە سەر پەنابەرانی كورد و چوار پەنابەری كوردیان كوشت و ژمارەیەكی دیكەش برینداربوون.

بە گوێرەی چەند گرتە ڤیدیۆیەك كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراوەتەوە، لە یەكێك لە كەمپی پەنابەران لە دوورگەی میتیلینی وڵاتی یۆنان، ژمارەیەك لە عەرەبی عێراقی و سووری ھێرشیان كردووەتەسەر پەنابەرانی كورد لەو كەمپە، بە شیش و بۆڕی لێیانداون، لە ئەنجامدا 4 پەنابەری كورد كە خەڵكی رۆژئاوای كوردستانن گیانیان لە دەستداوە.

مۆرۆ تەربووش، یەكێك لەو پەنابەرانەی كە لە كەمپەكە بووە لە رێگەی تەلەفۆنەوە بە كوردستان24 راگەیاند: "بەشێوەیەكی دڕاندانە ھێرشیان كردە سەر گەنجانی كورد لە كەمپەكە و تەنانەت لە ژن و منداڵەكانی كوردیش دەدەن، ئێستا ژمارەیەكی زۆر كەم لە خێزانە كوردەكان لە كەمپ ماون ھەموویان ناچاركراون كەمپەكە بە جێبھێڵن، ئەو پەنابەرانەی كە لە رووداوەكە گیانیان لەدەستداوە خەڵكی شارەكانی كۆبانێ و عەفرینن".

گوتیشی: "تائێستا پۆلیسی یۆنان ھیچ كەسی لەسەر رووداوەكە دەستگیر نەكردووە و رێگەش بە ئێمە نادەن دەنگی ناڕەزایەتی خۆمان بگەیەنینە دامودەزگاكانی یونان، پۆلیس لە دەەوری كەمپ چەكیان لە دەستە و رێگەنادەن دەنگمان بگاتە ھیچ شوێنێك".

ئەو رووداوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتی دەنگدانەوەی زۆری لێكەوتووەتەوە، بەشێك لە رۆژنامەنووس و چالاكوانانی كۆمەڵی مەدەنی بابەتیان لەبارەی رووداوەكە نووسیوە، ھەروەك ئەو رەفتارە شۆڤێنیانەیان سەركۆنە كردووە، داواشیان لە پۆلیسی یۆنان كردووە كە لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە بكات و تاوانباران سزا بدەن.

ھ.م