لە سلێمانی پارە لە كەسوكاری شەھیدان وەردەگیرێت
K24 - ھەولێر
لە سلێمانی چەند كەسێك بەناوی بەڕێوەبەرایەتی شەھیدان و ئەنفالكراوان تەلەفۆن بۆ كەسوكاری شەھیدان دەكەن و بەناوی مژدەی پێدانی پارچە زەوی و رایكردنی مامەڵەكانیان پارە لە كەسوكاری شەھیدان وەردەكردن.
بە گوێرەی نووسراوێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری شەھیدان و ئەنفالكراوانی سلێمانی كە وێنەیەكی دەست كوردستان24 كەوتووە تێیدا ھاتووە: "ئاگاداری سەرجەم كەسوكاری سەربەرزی شەھیدان دەكەین، ماوەیەكە لەلایەن كەسانێكی نەناسراو تەلەفۆن بۆ كەسوكاری شەھیدان دەكرێت، بە مەبەستی بەخشینەوەی مژدە بە پێدانی زەوی و ئیمتیازات، لەبەرامبەر ناردنی باڵانسی تەلەفۆن یان وەرگرتنی پارە بە بیانووی زووتر راپەڕاندنی ئیشوكارەكانیان، بەڵام ئەوە دوورە لە راستییەوە".
لە نووسراوەكەی بەڕێوەبەرایەتی شەھیدان و ئەنفالكراوانی سلێمانی ئاماژە بەوەكراوە: "سكاڵایی یاسایی لەسەر بكەری ئەو جۆرە كارانە تۆماركراوە و داواش لە كەسوكاری شەھیدان دەكەین لەكاتی بوونی ھەر حاڵەتێكی لەو جۆرەدا پەیوەندییمان پێوە بكەن".
ھ.م