قەیرانی کۆرۆنا یەکێتی ئەوروپا هەڵدەوەشێنێتەوە؟

ئەوروپییەکان هاوکاری یەکتر ناکەن

K24 – ئیتاڵیا:

بڵاوبوونەوەی خێرای ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهان و بەتایبەتی ئەوروپا و پەکخستنی ژیانی رۆژانە چاوەڕواننەکراوبوو، ئیتاڵیا زەرەرمەندی یەکەمی تووشبوون بەو ڤایرۆسە بوو، کێشە گەورەترەکە ئەوەیە، ڤایرۆسەکە تەنها مرۆڤەکان ناکوژێت و تەنها مرۆڤەکان قوربانی نین، بەڵکو ئابووری و سیاسەت و هەموو پەیمانە سیاسی و ئابووریەکانیش هەڵدەتەکێنێت.

لەدوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا (کۆڤید19)، چەندین پرسیلەگەڵ خۆی هێنا، یەکێک لەو باس و خواسانەی چەند رۆژێکە تەواوی وڵاتانی ئەوروپای سەرقاڵکردووە ئەوەیە، ڤایرۆسەکە مانەوەی یەکێتی ئەوروپای خستۆتە ژێر پرسیار.

هۆکارەکان لە یەکنەگرتویی بۆچوون و بڕیارەکانی یەکێتی ئەوروپا دەبینرێتەوە و رەخنەی زۆر لە یەکێتی ئەوروپای یەکگرتوو دەگیرێت کە لە قەیرانەکاندا یەکگرتوونین.

سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا جوزێپێ کۆنتێ، چەند رۆژێک لەمەوبەر ئانگێلا مێرکلی راوێژکاری ئەڵمانیای بەوە تۆمەتبارکرد کە بە بەرچاوی پێش قەیرانی کۆرۆنا سەیری ئەوروپا و راستییەکان دەکات.

لەدوا ناڕەزایی بەرامبەر وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا، ئیتاڵیا و ئیسپانیا کە زۆرترین تووشبوو بە ڤایرۆسەکە و گیان لە دەستدانیان هەیە، دەڵێن یەکێتی ئەوروپا، ناتوانێت بڕیارێک بدات کە دەنگی یەکگرتوویی ئەوروپای تێدا ببینن، لەدوا پێشنیاردا داواکرا ئەو سندوقی فریاکەوتنەی ساڵی 2012 لە کاتی قەیرانی یۆرۆدا دروستکرا، ئێستا 410 ملیارد یۆرۆی تێدایە، بەکار بهێندرێت و بڕێکی بە قەرزی بێ سود بدرێت بە ئیتاڵیا و ئەو وڵاتانەی کە ڤایرۆسی کۆرۆنا بە رێژەیەکی زۆر رووی تێکردوون.

ئەڵمانیا و هۆڵەندا و سوید بەو پێشنیارە رەزامەند نەبوون و ئامادەش نین هاوکاری ئیتاڵیا و ئیسپانیا بکەن.

لەدوا لێدوانی، ئێنریکۆ لێتتە، سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیتاڵیا رایگەیاند: ئەڵمانیا و هۆڵەندا و سوید، ریزی ئۆتۆمۆبێلی سندوقی پڕ مردوانیان نەبینیوە کە ئازارەکەی چەندە.

دەشڵێت، من کاتێک سەرۆک وەزیران بووم پەیوەندییەکی باشم لەگەڵ مارک روتە، سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا هەبوو، وام دەبینی کە بەهێزەوە بەرگری لە یەکێتی و مانەوەی ئەوروپا دەکات، کەسێکە ئامادەی چارەسەری و گەڕانە بەدوای کێشەکاندا، لەبەر ئەو هۆکارانە دەمزانی کەسێکی چۆنە، هیوادارم ئێستەش نەچێتە ژێر باری ئەو داواکارییەی کە دەوترێت هاوکاری ئیتاڵیا نەکرێت، کەس یۆرۆی هۆڵەندای ناوێت و هەموو داوای چارەسەرێکی ئەوروپای یەکگرتوو دەکەین بۆ ئەم قەیرانە.

ئەم گلەیی و گازندانە لە کاتێکدایە کە کۆماری چین هاوکاری ئیتاڵیای کرد و لەدوا بڕیاریشدا دوێنێ دۆناڵد ترەمپ، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیای راگەیاندووە کە 100 ملیۆن دۆلار هاوکاری تەندروستی ئیتاڵیا دەکەن و تەنها وڵاتێکی ئەوروپی بە فەرمیش یارمەتی ئیتاڵیای دابێت، فەرەنسا بووە.

ئەو لێدوانەی سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئیتاڵیا لەدوای ئەوە دێت، هەندێک لایەن داوا دەکەن هۆڵەندا هاوکاری هیچ وڵاتێک نەکات و پارەی هەڵگیراوەکان بۆ داهاتووی هۆڵەندا و چارەنووسی کۆرۆنا بەکاربهێنێت.

ئەم لێدوان و بابەتە هەستیارانە لەم کاتەدا، بابەتی مانەوەی یەکێتی ئەوروپا دوای تێپەڕاندنی قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

H.J