راپۆرتێكی ئه‌مه‌ریكی: مه‌ترسی داهاتوو له‌لایه‌ن ئافره‌تانی داعشه‌وه‌یه
K24- هه‌ولێر:
رۆژنامه‌ی واشنتۆن پۆستی ئه‌مه‌ریكی بابه‌تێكی له‌باره‌ی مه‌ترسیه‌كانی ئافره‌تانی داعش له داهاتوودا بڵاوكردۆته‌وه و نووسیویه‌تی، ئه‌و مه‌ترسیه‌ی له داهاتوودا چاوه‌ڕێ ده‌كرێت، له‌لایه‌ن ئه‌و ئافره‌تانه‌وه ده‌بێت كه پێشتر له ریزه‌كانی داعش كاریان كردووه و هاوسه‌ره‌كانیان له عێراق و سووریا كوژراون و له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانیان گه‌ڕاونه‌ته‌وه وڵاته‌كانیان.
زارا یه‌كێك له‌و ئافره‌تانه‌یه كه به‌ر له 6 مانگ له گه‌شتێكی نهێنیدا به هاوكاری قاچاغچیه‌ك له سووریا به‌ره‌و توركیا، له‌وێشه‌وه گه‌ڕاوه‌ته‌وه وڵاته ره‌سه‌نه‌كه‌ی له مه‌غریب.
واشنتۆن پۆست نووسیویه‌تی: زارا باس له‌و گه‌شته و ئه‌و ماوه‌یه ده‌كات كه به هاوه‌ڵی هاوسه‌ره كوژراوه‌كه‌ی له سووریا ده‌كات و ده‌ڵێت "رۆژێك هه‌ر دێت منداڵه‌كانمان ده‌وڵه‌تی ئیسلامی بونیات بنێنه‌وه".
ئه‌و ئافره‌ته جه‌ختیش ده‌كاته‌وه "كچ و كوڕه‌كانمان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌وڵه‌تی خه‌لافه‌ت په‌روه‌رده ده‌كه‌ین، ئه‌گه‌ر خۆشمان نه‌مانتوانیبێت پارێزگاری له خه‌لافه‌ت بكه‌ین، ئه‌وا باسی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی بۆ منداڵه‌كانمان ده‌كه‌ین، ئه‌وكاتیش رۆژێك هه‌ر ده‌بێت كه منداڵه‌كانمان ئه‌و ده‌وڵه‌ته دابمه‌زرێنن".
له‌م چه‌ند مانگه‌ی كۆتاییدا دوای لاوازبوونی داعش، به ده‌یان ئافره‌ت له‌ریزه‌كانی ئه‌و رێكخراوه كشاونه‌ته‌وه، هه‌ندێكیان له گرتوخانه‌كانی وڵاته‌كانیان ده‌ستبه‌سه‌ر كراون و هه‌ندێكی دیكه‌شیان له كه‌مپی ئاواره‌كان خۆیان له‌ناو خه‌ڵكیدا په‌ناداوه.
به‌شێك له‌و ئافره‌تانه منداڵی بچووكیان هه‌یه، به‌ڵام هه‌ندێكی دیكه‌یان باس له‌و فشارانه ده‌كه‌ن كه له‌لایه‌ن هاوسه‌ره‌كانیانه‌وه خرابوونه سه‌ریان، بۆئه‌وه‌ی له عێراق و سووریا له‌گه‌ڵیان بمێننه‌وه، به‌ڵام به‌گوێره‌ی لێكۆڵه‌رانی هه‌واڵگه‌ری و شاهێدحاڵه‌كان، هه‌ندێكی دیكه‌یان كه مه‌ترسی گه‌وره‌یان لێده‌كرێت ئه‌وانه‌ن، كه قووڵی چوونه‌ته ناو ئایدۆلۆژیا و هزری توندڕه‌وی داعش.
وه‌ك ئه‌و رۆژنامه‌یه ئاماژه‌ی پێده‌كات، به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ پیاوان، ژماره‌ی ئافره‌ته كوژراوه‌كان له شه‌ڕدا گه‌لێك كه‌متر بووه، گه‌ڕانه‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی زۆری ئه‌و ئافره‌تانه‌ش بۆ وڵاته‌كانیان، به‌رپرسانی هانداوه، بۆئه‌وه‌ی له‌داهاتوودا بۆ هه‌ر ئه‌گه‌ر و مه‌ترسیه‌ك له‌لایه‌ن ئه‌و ئافره‌تانه‌وه له‌ئاماده‌باشیدا بن، به‌تایبه‌ت كه رێكخراوی داعش به‌شێكی زۆری ئه‌و ئافره‌تانه‌ی بۆ هێرشی خۆكوژی و مه‌شقدانی منداڵه‌كانیان له‌و پێناوه‌دا ئاراسته كردووه.
له‌مباره‌یه‌وه "سێبخارد" كه به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری نێوده‌وڵه‌تییه بۆ توێژینه‌وه له‌باره‌ی توندڕه‌وی و توندوتیژی، ده‌ڵێت: دڵنیام هه‌ندێك ئافره‌ت هه‌ن زۆر به‌توندی چوونه‌ته باوه‌شی هزری توندڕه‌وی ئه‌و رێكخراوه، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی رۆڵی تایبه‌تیان له‌ناو ریزه‌كانی داعشدا پێیاندرابوو.
هه‌روه‌ها ده‌شڵێت: ئافره‌تێكی كۆسۆڤۆ كه له‌لایه‌ن سه‌نته‌ره‌كه‌یانه‌وه چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵدا كراوه، گوتوویه‌تی: ئه‌و بۆیه گه‌ڕاوه‌ته‌وه وڵاته‌كه‌ی چونكه سك‌پڕ بووه و پێویستی به چاودێریه‌كی باشتر و زیاتری پزیشكی هه‌بووه.
سێبخارد له‌باره‌ی ئه‌و ئافره‌ته‌وه ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات "ئه‌و ئافره‌ته له‌پێناو منداڵه‌كه‌یدا له‌ناو ئه‌و رێكخراوه هاتۆته ده‌ره‌وه، بۆیه له‌وانه‌یه رۆژێك بێت و دووباره بگه‌ڕێته‌وه بۆ ناو داعش"، چونكه وه‌ك سیبخارد ئاماژه‌ی پێكرد ، ئه‌و ئافره‌ته چه‌ندین جار گوتوویه‌تی "من ده‌مه‌وێت منداڵه‌كانم گه‌وره بن بۆئه‌وه‌ی ببن به شه‌هید".
له‌ساڵی 2012 وه له مه‌غریب و باكووری ئه‌فریقیا زیاتر له 1600 چه‌كدار بۆ چوونه‌ناو داعش روویان له عێراق و سووریا كردووه، به هه‌مان ژماره ئافره‌تانیش له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانیان روویان له‌و دوو وڵاته كردووه. به‌ڵام له ساڵی رابردووه‌وه خواستی كۆچكردن له‌و وڵاتانه به‌ره‌و عێراق و سووریا كه‌می كردووه، ئه‌ویش به‌هۆی لاوازبوونی داعش له عێراق و سووریا. تائێستاش به ده‌یان ئافره‌ت له توركیا چاوه‌ڕێی ره‌زامه‌ندی به‌رپرسانی ئه‌و وڵاته‌ن، بۆئه‌وه‌ی رێگه‌یان پێ بده‌ن بگه‌ڕێنه‌وه وڵاته راسته‌قینه‌كانیان، له‌كاتێكدا رێژی خواستی چه‌كدارانی پیاو بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ وڵاته‌كانیان زۆر كه‌متره.
هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه به‌رپرسێكی باڵای مه‌غریب كه نه‌یویست ناوی ئاشكرا بكرێت، به واشنتۆن پۆستی راگه‌یاندووه "زۆربه‌ی ئه‌و ئافره‌تانه‌ی گه‌ڕاونه‌ته‌وه مه‌غریب باس له‌وه ده‌كه‌ن كه هاوسه‌ره‌كانیان له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانی پاره ئه‌و كاره‌یان هه‌ڵبژاردووه و ئه‌وانیش ناچار بوونه شوێن هاوسه‌ره‌كانیان بكه‌ون".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی" زۆربه‌ی ئه‌و ئافره‌تانه‌ی به‌مدواییانه گه‌ڕاونه‌ته‌وه ژیانێكی ئاسایی به‌سه‌ر ده‌به‌ن و به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان ئه‌و رێكخراوه‌یان له‌بیر خۆ بردۆته‌وه، به‌ڵام مه‌ترسی گه‌وره له هه‌ندێك له‌و ئافره‌تانه‌دایه، كه هه‌ڵگری هزری توندڕه‌وین و هه‌وڵ ده‌ده‌ن ئه‌و هزره بۆ خانه‌واده‌كانیان بگوازنه‌وه".