فڕۆكه‌كانى توركيا ژماره‌يه‌ك ئامانجيان له‌ سنوورى هه‌رێمى كوردستان بۆردومان كرد

سوپاى توركيا ده‌ڵێت هه‌شت گه‌ريلاى په‌كه‌كه‌ كوژراوون

K24 – هه‌ولێر:

فڕۆكه‌ جه‌نگييه‌كانى توركيا جارێكى ديكه‌ ئاسمانى عێراقيان به‌زاند و ژماره‌يه‌ك ئامانجيان له‌ ناوچه‌ سنوورييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان بۆردومانكرد و سوپاى توركيا ده‌ڵێت: هه‌شت گه‌ريلاى په‌كه‌كه‌ كوژراوون.

ئاژانسى هه‌واڵده‌رى ئه‌نادۆڵى توركيا، بڵاويكرده‌وه‌، ئه‌مڕۆ فڕۆكه‌كانى توركيا ئۆپراسيۆنێكى ئاسمانيان دژى په‌كه‌كه‌ ئه‌نجامداوه‌.

به‌ گوێره‌ى زانيارى ئاژانسه‌كه‌، ژماره‌يه‌ك ئامانج له‌ ناوچه‌كانى ئاڤاشین-باسیان، مه‌تینا و زاپ له‌ هه‌رێمى كوردستان بۆردومان كراوون و هه‌شت گه‌ريلاى په‌كه‌كه‌ كوژراوون.

له‌و باره‌يه‌وه‌ سوپاى توركيا رايگه‌ياندووه‌، له‌و بۆردومانانه‌دا ژماره‌یه‌ك په‌ناگه‌ و حه‌شارگه‌ى په‌كه‌كه‌ خاپوور كراوون.

ئه‌م بۆردومانه‌ دواى ئه‌وه‌ دێت له‌ چه‌ند رۆژى رابردوو، سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراق، حه‌يده‌ر عه‌بادى داواى له‌ وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى عێراق كرد، سكاڵاى عێراق بگه‌يه‌نێته‌ ئه‌نجوومه‌نى ئاسايشى نێوده‌وڵه‌تى و نه‌ته‌وه‌يه‌كگرتووه‌كان و له‌ پێشێلكارييه‌كانى توركيا ئاگاداريان بكاته‌وه‌.

هاوكات عه‌بادى بڕياريدا بۆ رێگرتن له‌ ده‌ستدرێژييه‌كان بۆ سه‌ر سه‌روه‌رى عێراق، هێزه‌كانى پاسه‌وانى سنوور له‌ ناوچه‌ سنوورييه‌كانى نێوان عێراق و توركيا بڵاوه‌ پێبكات.