عێراق و توركيا هه‌وڵى نه‌هێشتنى جياوازى باج له‌ نێوانيان ده‌ده‌ن

فوئاد حوسێن جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دارایی لە بەغدا پێشوازی له‌ فاتیح یڵدز باڵیۆزی كۆماری توركیا لە بەغدا و شاندی یاوەری كرد

K24 – هه‌ولێر:

ئەمڕۆ فوئاد حوسێن جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دارایی لە بەغدا پێشوازی له‌ فاتیح یڵدز باڵیۆزی كۆماری توركیا لە بەغدا و شاندی یاوەری كرد و هه‌ردوولا په‌يوه‌ندييه‌ ئابوورييه‌كانى نێوان به‌غدا و ئه‌نقه‌ره‌يان تاوتوێكرد.

له‌ راگه‌يه‌ندراوێكى نووسينگه‌ى جێگرى سه‌رۆك وه‌زيران و وه‌زيرى داراييدا، كه‌ وێنه‌يه‌كى بۆ كوردستان24 نێردراوه‌، هاتووه‌: لە دیدارەكەدا فاتيح یڵدز بەناوی خۆی وحكومەتی توركیاوە پیرۆزبایی پێكهێنانی حكومەت ووەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆك وەزیران ووەزیری دارایی لە فوئاد حوسێن كرد.

هه‌روه‌ها هاتووه‌:  لەلای خۆيه‌وه‌ فوئاد حوسێن سوپاسی یڵدز و حكومەتی توركیا كرد بۆ پێشكەشكردنی پیرۆزباییان تیشكی خستە سەر پەیوەندیيە دێرینەكانی دۆستایەتی نێوان عێراق و توركیا و جەختی لەسەر پێشخستنی ئەو پەیوەندیانە كرد ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، كە توركیا دراوسێیەكی گرنگی عێراقە و توانا ئابووریەكانیشی بە سەركەوتوو وەسف كرد.

له‌ به‌شێكى ديكه‌ى راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: باڵیۆزی توركیا لە عێراق ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە كۆمپانیاكانی توركیا بەوپەڕی چالاكیەوە لە عێراق كار دەكەن و هەمیشە گرنگیان بە جۆر و كواڵیتی بەرهەمەكانیان داوە و بازاڕی عێراقیش متمانەیەكی زۆری بە كاڵای توركی هەیە، و هەر دوولا پێویستی هەبوونی ئاسانكاری ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گواستنەوەی كاڵا و بەرهەمی جۆراوجۆر و سوككردنەوەی رێ و شوێنە گومرگیيەكان و باج لە نێوان عێراق و توركیادا كردەوە ئەمە جگە لە فراوانكردنی بواری بازرگانی وئابووری لە نێوان هەردوو وڵات دا.

هه‌روه‌ها هاتووه‌: هەر لەو كۆبوونەوەیەدا هەردوولا جەختیان لەسەر پەلەكردن لە ئیمزاكردنی رێككەوتن لەبارەی نەمانی جیاوازی لە باج لە نێوان هەردوو وڵات دا كردەوە دوای هەمواركردنی چەندین خاڵ تێيدا.

ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌شكراوه‌، له‌و كۆبوونه‌وه‌يه‌دا فوئاد حوسێن، دووپاتیكردووه‌تەوە حكومەتی عێراق پرسی پرۆژەكانی ئاو و ئاودێری وبونیادنانی بەنداوی بچووكی جیاواز لە نێو خاكی خۆی دا بە گرنگ دەزانێ بەو پێیەی پرسی گرنگیدان بە سامانی ئاو خاڵێكی گرنگی پرۆگرامی حكومەتی عێراقە بەتایبەتی لە رووی هەڵگرتن و پاراستنی ئاو و بەهەدەر نەدانی ئەم سامانە ئەمە جگە لە بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا و پەرەپێدانی سامانی ماسی و گەشت و گوزار و ژینگە و كشتوكاڵ.