سه‌رۆك بارزانی: پارتی خاوه‌ن دۆزه‌ بۆیه‌ له‌ كوردستان و عێراق و ده‌ره‌وه‌ی وڵات یه‌كه‌م بووه‌

"هەژمارنەكردنی دەنگی خوشك و برا ئێزیدییەكان، ئەنفالكردنی دەنگی ئەوانە و بۆ ئەوە بووە پارتی لە پارێزگای نەینەوا وەك لیستی یەكەم نەبێت"

K24 - هه‌ولێر:

سه‌رۆك بارزانی رایگه‌یاند: "سەرباری بوونی ڕێگری و ئاستەنگ بۆ ئەوەی لیستی پارتی دەنگ نەهێنێت، بەڵام جەماوەری پارتی بە ئیرادەیەكی بەرز توانیان سەركەوتن بەدەست بهێنن و لە ئاستی كوردستان و عێراق و دەرەوەی وڵات پارتی حزبی یەكەم بووە و ئەوەیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە پارتی خاوەنی قەزییەیە.

ئه‌مڕۆ دووشەممە 21/5/2018 سەرۆك مەسعود بارزانی لەگەڵ سه‌رجه‌م كاندیدەكانی لیستی 184ـی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبووه‌ته‌وه‌ و له‌ وته‌یه‌كدا، ڕۆشنایی خستووه‌ته‌ سەر  بارودۆخی سیاسی و قۆناغی پێش ڕیفراندۆم و ڕووداوەكانی دوای ڕیفراندۆم و سوپاسی خۆڕاگریی پێشمەرگە قارەمانەكان و گەلی كوردستانی لە قۆناغە سەخت و دژوارەكاندا كردووه‌.

سەرۆك بارزانی دەستخۆشی لە هەموو كادیر و ئەندام و لایەنگران و چینوتوێژەكان و گەنجانی ناو پارتی لە ناوخۆ و دەرەوە كرد كە هەموویان بە یەكدەنگی و بە گیانێكی هاوبەش كاریان بۆ سەرخستنی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان كرد لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق. ئەوەیشی خستەڕوو كە سەرباری بوونی ڕێگری و ئاستەنگ بۆ ئەوەی لیستی پارتی دەنگ نەهێنێت بەڵام جەماوەری پارتی بە ئیرادەیەكی بەرز توانیان سەركەوتن بەدەست بهێنن و لە ئاستی كوردستان و عێراق و دەرەوەی وڵات پارتی حزبی یەكەم بووە و ئەوەیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە پارتی خاوەنی قەزییەیە.

 

كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆك بارزانی له‌گه‌ڵ كاندیده‌كانی لیستی 184 پارتی
كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆك بارزانی له‌گه‌ڵ كاندیده‌كانی لیستی 184 پارتی

سەرۆك بارزانی لە درێژەی وتەكەیدا ئاماژەی بەوەدا كە پارتی لە هەموو تاقیكردنەوەیەك بە سەربەرزی دەرچووە، پارتی كە دامەزرا بۆ ئەوە دانەمەزرا ململانێ لەگەڵ لایەنەكان بكات بەڵكو بۆ ئەوە دامەزراوە كە بەرگری لە مافەكانی گەلی كوردستان بكات.

هەروەها گوتوویه‌تی: "سەركەوتن بۆ ئەو كەسانە دەبێت كە باوەڕیان لە دۆزی ڕەوای گەلەكەیان هەیە و ناشكرێ میللەتێك بچەوسێتەوە و نوێنەرانی بیر لە پلە و پایە و دەستكەوت بكەونەوە. بۆیەش پێویستە ئامانجی سەرەكیی نوێنەرانی پارتی لە بەغدا بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەیان بێت و نابێ لەكاتی سەركەوتندا مەغروور بن و لەكاتی شكست و پاشەكشەیشدا نائومێد ببن".

سەرۆك بارزانی ڕەخنەیشی لە ئەدای كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن گرت كە بووەتە هۆی كێشەی زۆر گەورە بۆ دەنگدەران و جەختیشی لەوە كردەوە كە هەژمارنەكردنی دەنگی خوشك و برا ئێزیدییەكان، ئەنفالكردنی دەنگی ئەوانە و مەبەست لێی ئەوە بووە كە پارتی لە پارێزگای نەینەوا وەك لیستی یەكەم نەبێت".

سەرۆك بارزانی ئاماژه‌ی بەوەشدا كە پێویستە بنەماكانی شەراكەت و تەوافوق و تەوازونی نێوان پێكهاتەكان لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق لەبەرچاو بگیرێت و لەسەر ئەو بنەمایە پێویستە هەموو لایەك كار بكەن. داوایشی كرد كە لایەنە كوردستانییەكان لە بەغدا بە یەكڕیزی و یەك گوتاری لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا بەشدار ببن.