ئیدلب لە مەرگەساتێکی مێژوویی نزیک دەبێتەوە

سێ وڵات ئاگربارانی 30 هەزار چەکدار و سێ ملیۆن هاووڵاتی دەکەن

 K24 – هه‌ولێر:

حکومەتی سووریا هەزاران کەس بۆ بەهێزکردنی هێزە هێرشبەرەکانی ناونووس دەکات. لە دەریا، هێزی دەریاوانی رووسیا ئامادەی ئاراستەکردنی موشەکەکانیانن. لە ئیدلب، ملیۆنەها هاووڵاتی لە چارەنووسی دوای جەنگ راماون.

جەنگە بێ بەزەیانەکەی سووریا هێشتا بەرەو زیاتر خوێنڕێژی دەڕوات، بەڵام رەنگە ئەمە دواین جەنگی لەوجۆرە بێت.

ئەسەد دەیەوێت بە کۆنتڕۆڵکردنی ئیدلب بە تەواوی دەنگی ئەو یاخیبووانە کپبکات کە حەوت ساڵە داوای گۆڕینی رژێمەکەی بەشار ئەسەد دەکەن.

سووریا، رووسیا و ئێران هەلێکی باشیان هەیە تاکو پاشماوەی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان بە تەواوی کپبکەن، لەلایەکی دیکەشەوە، هێزە رۆژئاواییەکان هۆشداری لە کارەساتی مرۆیی و ژیانی نزیکەی سێ ملیۆن کەس دەدەن.

جەنگی ئیدلب لە نێوان 30 هەزار چەکداری دژە ئەسەد و سێ وڵاتی وەک رووسیا، سووریا و ئێرانە، جەنگێک کە ستێفان دێ میستورا، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا، بە "گەردەلولێکی کەموێنە لە پێش چاوی هەمووان" ناوی دەبات.

لە لایخۆیەوە، تورکیاش لەو هێزانەیە کە دژی هێرشی سەر ئیدلبە و پێی وایە کارەساتی مرۆیی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

تورکیا سەربازی لە ئیدلب هەیە، ئامانجی ئەوەیە یاخیبوان و هێزەکانی سەر بەحکومەت جیا بکاتەوە، ئەمەش مەترسی بۆ سوپای تورکیا لەو شارە دروستکردووە. جیا لەم مەترسییەش، ئەنقەرە بەو ئابوورییە لاوازەوە، میوانداری سێ ملیۆن پەنابەری سووریا دەکات، لە ئەگەری روودانی ئەو جەنگە، ئەگەری زۆرە سەدان هەزار پەنابەری دیکە رووبکەنە تورکیا.

لە دواین سەردانی مەولود چاوشئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی تورکیا، بۆ رووسیا، داوای لە بەرپرسانی مۆسکۆ کردبوو کە کاتی زیاتر بدەن بە تورکیا تاکو دانوستان لەگەڵ یاخیبووەکانی ئیدلب بکات بە چەکدارە ئیسلامییە توندڕەوەکانیشەوە.

هەر لەمیانی ئەو سەردانەی بۆ رووسیا، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ هاوتا رووسییەکەی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسی رایگەیاند: "چارەسەری سەربازی کارەسات دروست دەکات. هێرشکردنە سەر تەواوی ئیدلب بۆ داماڵینی چەند گروپێکی رادیکاڵ، بە واتای مردنی هەزاران کەس دێت".

ئەگەر ئەسەد ئیدلب بخاتە ژێر ركێفی خۆی، هێشتا نزیکەی 25%ی خاکی سووریا لای کورد دەبێت، ئەمەش جیا لەوەی رەنگە گروپی جیاواز لە ناوچەی جیاوازی سووریا هێرش و چالاکی ئەنجام بدەن، ئەمەش هەمووی لە کاتێکدایە، وڵات وێرانە و ملیۆنەها سووری بونەتە پەنابەر.

ئەمەریکاش نایەوێت ئەو جەنگە رووبدات و پێی وایە کارەساتێکی دیکە بەسەر سووریادا دەهێنێت. لای خۆیەوە مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، لەبارەی جەنگی ئیدلب لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیبووی: "سێرگی لاڤرۆڤ (وەزیری دەرەوەی رووسیا) بەرگری لە هێرشی سووریا و رووسیا بۆ سەر ئیدلب دەکات. ئەمەریکا ئەمە بە زیاتر توندوتیژکردنی رەوشی سووریا دەزانێت".

وەلید موعەلیم، جێگری سەرۆک وەزیرانی سووریا، لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ تەلەڤزیۆنی رووسیا، هێرشکردنە سەر ئیدلبی بە کاری لە پێشینەیان ناوبرد چونکە "ئەو شارە پڕاوپڕە لە تیرۆرست و چەکداری یاخی".

یەکێک لەو گروپانەی لەو شارە لە ساڵی 2015ەوە لە ئیدلب دەسەڵاتی هەیە، گروپی هەیئەی تەحریر ئەلشامە کە بە باڵێکی ئەلقاعیدە دەزاندرێت و حکوومەت تورکیا پەیوەندی لەگەڵیان هەبووە.

هێشتا جەنگەکە دەستیپێنەکردووە، بەڵام حکوومەت سووریا هەزاران چەکداری لە دەوری ئیدلب کۆکردۆتەوە و رووسیاش مانۆڕێکی سەربازی لە دەریایی ناوەڕاست بە 25 کەشتی و 36 فڕۆکەی جەنگی بۆ پاڵپشتی سوپاکەی ئەسەد ئەنجامداوە.

رەنگە رێگریکردن لەو جەنگە ئاسان نەبێت، تورکیا کە دەیەوێت نێوەندگیری بکات، شکستیهێنا لە رازیکردنی گروپی ئەحرار ئەلشام کە هێزە چەکدارەکانی هەڵوەشێنێتەوە.

ئەبو محەمەد ئەلجولانی، سەرۆکی گروپەکە، لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا رەتیکردەوە هیچ گفتوگۆیەکی ئاشتییانە لەگەڵ حکوومەت سووریا بکات. دوا بە دوای ئەو لێدوانەی جولانی، تورکیا هاوشێوەی ئەمەریکا و ئەوروپا، ئەو گروپەی خستە لیستی تیرۆرەوە.

بڕیارە رۆژی هەینی، ڤلادمیر پوتین، سەرۆکی رووسیا، و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران، کۆببنەوە. ئەم کۆبوونەوەش چارەنووسی ئیدلب دیاری دەکات.

ئەگەرچی تورکیا وانیشان دەدات دژی هێرشەکەیە، بەڵام شارەزایان جۆرێکی دیکە لێکدانەوە بۆ هەڵوێستی تورکیا دەکەن و پێیان وایە تورکیاش دواجار بەجۆرێک رێگەی بەو جەنگە داوە.

بۆ ئەمەش چەکدارانی ئەحرار ئەلشام دژی تورکیا وەستاونەتەوە و چەند پردێکی سەرەکی گەشتن بە شارەکەیان تەقاندۆتەوە.

لە سەرەتای جەنگی سووریاوە، 350 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و 11 ملیۆنیش ماڵ و حاڵیان جێهێشتووە، ئیدلبیش وەک زۆرێک لە شارەکانی دیکە، رەنگە چارەنووسی بۆمب و مووشەک بێت، جیهانیش تەنها تەماشاکەر دەبێت.

سەرچاوە: نیویۆرک تایمز

H.J