چیرۆکی ئەو پیرە پیاوە کوردەی لە تەمەنی 84 ساڵیدا ژنی دووەمی هێنا

حاجی جەمال 72 نەوەی هەیە و دەڵێ حەزی لە قەرەباڵغییە
kurdistan24.net


K24 - جەلەولا

چەند رۆژێکە، حاجی جەمالی تەمەن 84 ساڵ بۆ جاری دووەم چووەتە نێو قەفەسی زێڕینەوە و، هاوسەرگیریی کردووەتەوە.

حاجی جەمال سەرەڕای ئەوەی 72 نەوەی خۆی بینیوە، هێشتا حەزی لە قەرەباڵغیە، باس لەوە دەکات سەرەتا کە ژنی هێناوە زۆر حەزی لە منداڵ بووە بۆیە "بە چوار ساڵ چوار کوڕم بوو، دواتر هەر دوو ساڵ جارێک منداڵمان دەبوو تاوەکو گەیشتە 13 منداڵ".

حەزی زۆری حاجی جەمال بۆ منداڵ و قەرەباڵغی وەک خۆی باسی دەکات بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە تاقانە بووە. ئەو، هێشتاش گڕوتینی جارانی ماوە و رۆژانە نەوەکانی فێردەکات دەکات چۆن رێز لە دەوروبەریان بگرن.

فەهیمە، هاوسەری دووەمی حاجی جەمالە و خوێندەواری نییە، لەوەتەی هاوسەرگیریی کردووە، به‌رده‌وام له‌ته‌نیشت حاجیی هاوسه‌ری داده‌نیشێت تاوەکو فێرى قورئانخوێندن بێت، حاجیش ناو به‌ناوه‌ ده‌وه‌ستێت و وشه‌كانى بۆ شیده‌كاته‌وه‌.

 

هـ.ر.