کۆمکاری عەرەبی: دەبێ هەولێر و بەغدا گفتوگۆی جدی بکەن

"بێ متمانەی زۆر لەنێوانیاندا ھەیە"

K24 - ھەولێر

ئەحمەد ئەبولغێت، ئەمینداری گشتی کۆمکاری عەرەبی لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی داوای لە کورد کرد، وەک بەشێکی زیندوو لە پێکهاتەی عەرەبیدا بمێنێتەوە.

ئەبولغێت دانی بەوەنا، بێ متمانەییەکی زۆر لە نێوان هەولێر و بەغدا هەیە، سەرەڕای بوونی پەیوەندییەکی باش لە نێوان سەرکردایەتی هەردوولا.

لە کۆتایی وتەکانیدا سکرتێری گشتی کۆمکاری عەرەبی داوای دەستپێکردنی گفتوگۆی جدی لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق کرد بۆ ئەوەی بەپێی دەستوور بگەنە رێککەوتنێک.

ھەر پەیوەست بەو باسە ئەیاد عەلاوی، جێگری سەرۆک کۆماری عێراق دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، بە راشکاوانە باسی پرۆسەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی لەگەڵ بارزانی کرا و تەواوی وردەکارییەکان خرانەڕوو.

عەلاوی لە بەیاننامەکەدا داوای دەستپێکردنی گفتوگۆی جددی لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق کرد، ئەمەش بۆ پاراستنی عێراق لە سەرهەڵدانی شەڕ و رووبەڕووبوونەوەی سەربازی لە داهاتوودا.