به ڤیدیۆ.. به‌هۆی پۆشینی ته‌نووره‌ی كورت ده‌ستدرێژی ده‌كرێته سه‌ر كچێك
K24 - هه‌ولێر:
گه‌نجێكی تورك له‌ناو پاسێك له ئیستانبول ده‌ستدرێژی ده‌كاته سه‌ر كچێك كه له كورسییه‌كه‌ی به‌رده‌می خۆی دانیشتووه و سه‌ره‌تا زللـه‌یه‌ك ده‌سره‌وێنێته بنی گوێی و دواتریش كچه‌كه له شوێنی خۆی هه‌ڵده‌ستێت و به‌رگری له‌خۆی ده‌كات، به‌ڵام كوڕه‌كه جارێكی دیكه لێیده‌دات.
هۆكاری ئه‌و لێدانه‌ش له‌و كچه گه‌نجه، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ پۆشینی ته‌نووره‌ی كورت.
گرته ڤیدیۆكه له رێگه‌ی كامێرای چاودێری ناو پاسه‌كه تۆماركراوه، بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤیدیۆكه له میدیاكانی توركیا، بووه هۆی ناڕه‌زایی و تووڕه‌یی رێكخراوه‌كانی داكۆكیكار له مافی ژنان.
كچه‌كه ناوی ئیسینا میلیسا سه‌قلامه و قوتابی زانكۆیه و باس له‌وه ده‌كات، له سه‌ره‌تای دانیشتنی ئه‌و گه‌نجه له دواوه‌ی پاسه‌كه، به‌رده‌وام قسه‌ی ناشیرینی پێگوتووه، ئه‌وه‌ش ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به مانگی ره‌مه‌زان، ته‌نووره‌یه‌كی كورتی له‌به‌ر كردووه.
كچه‌كه ده‌ڵێت: "بیستۆكی مۆبایله‌كه‌مم كرده گوێم و كوڕه‌كه‌م پشتگوێخست، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی له شوێنی هه‌ستا، زللـه‌یه‌كی لێدام".
سه‌ره‌تا ئه‌و پیاوه ده‌ستگیركراوه و لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا كراوه و گوتوویه‌تی: "كچه‌كه بێزاری كردووم" و دواتریش ئازادییان كردووه.
ئازادكردنی ئه‌و گه‌نجه تووڕه‌یی رێكخراوه‌كانی مافی ژنانی لێكه‌وتووه‌ته‌وه و ئازادكردنی گه‌نجه‌كه‌ش به هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر ته‌واوی ژنانی توركیا وه‌سف ده‌كه‌ن.