وه‌زاره‌تی دارایی عێراق له‌سه‌ر "راگرتنی دامه‌زراندن" روونكردنه‌وه‌ ده‌دات

"ده‌سته‌ و وه‌زاره‌ته‌كان بۆ جێبه‌جێكردنی به‌نده‌كانی بوودجه‌ راسپێردراون"

K24 - هه‌ولێر:

نووسینگەی جێگری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری ئابووری و وەزیری دارایی عێراق، روونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌باره‌ی دامه‌زراندنی نوێ بڵاوده‌كاته‌وه‌و چه‌ند هه‌واڵێك ره‌تده‌كاته‌وه‌.

له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌ی نووسینگەی جێگری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری ئابووری و وەزیری دارایی عێراق ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌: "ژمارەیەك سایت وپێگەی ئەلیكترۆنی ودەزگای میدیایی هەواڵێكیان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ گوایە وەزارەتی دارایی عیراق هەموو جۆرە دامەزراندنێكی لەچوارچێوەی بودجەی گشتی ساڵی 2019 راگرتووە. به‌ڵام ئەم هەواڵە دوورە لە ڕاستی ولە دوای دەرچوونی یاسای بودجە و لە رۆژی دووشەمە 11/2/2019ـەوە دوای وەرگرتنی دوایین درافتی یاساكە، هەموو وەزارەت ودەستە وفەرمانگەكانی پارێزگاكان وئەنجوومەنەكانیان راسپێردراون بەجێبەجێكردنی بەندەكانی".

له‌ روونكردنه‌وه‌دا هاتووه‌: "جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دارایی، داوایەكی ئاراستەی هەموو وەزارەت ودەستە وپارێزگا وئەنجومەنەكانی پارێزگاكان كرد بە پابەندبوون بە دەقی ئەم یاسایە و رێنماییەكانی جێبەجێكردنی بودجە بەتایبەتی لەڕووی دامەزراندن وراگەیاندنی پلەی وەزیری تازەوە".