میدیا عێراقییه‌كان: سه‌رۆك وه‌زیرانی راسپێردراو سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات
K24- هه‌ولێر:
به‌گویره‌ی میدیا عێراقییه‌كان، له چه‌ند رۆژی داهاتوودا مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی راسپێردراوی عێراق به‌مه‌به‌ستی تاوتوێكردنی پێكهاته‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی كورد، سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات.
له‌م باره‌شه‌وه سایتی مهو‌زانین نیوزی سه‌ر به پێكهاته‌ی شیعه‌ی عێراق له‌سه‌ر زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له كازمی، كه ئاماژه‌ی به‌ناوی نه‌كردووه، رایگه‌یاند، "كازمی له چه‌ند رۆژی داهاتوودا سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی حكومه‌تی هه‌رێم و سه‌ركرده سیاسییه‌كانی كوردستان تاوتوێی پێكهاته‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی ده‌كات، به‌مه‌به‌ستی به‌ده‌ستهێنانی متمانه‌ی لایه‌نه كوردییه‌كان، بۆ ده‌نگدان به كابینه وه‌زارییه‌كه‌ی".
وه‌ك ئه‌و سایته عێراقییه رایگه‌یاند، سه‌رچاوه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه، "ئامانجی مسته‌فا كازمی له سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان، بۆ به‌ده‌ستهێنانی پشتیوانییه‌كی پێویسته له‌پێناو تێپه‌ڕاندنی كابینه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق".
سه‌رچاوه‌كه ئاشكراشیكردووه، "لایه‌نه كوردییه‌كان به‌ر له سه‌ردانه‌كه‌ی كازمی كۆده‌بنه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی رێكه‌وتن له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێك بكه‌ن، له‌وانه‌ش پشكی كورد له حكومه‌ته‌كه‌ی كازمی و ئه‌و رێكه‌وتنانه‌ی پێشتر له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا واژۆ كراون".
H.B