گۆڕان مه‌يلى به‌شداريكردن له‌ حكومه‌تى هه‌يه‌ و پارتيش به‌شدارى به‌ هه‌مووان ناكات

ھەر حزبێك بەشداری پێبكرێت بۆ ناو حكومەت بەقەد سەنگی خۆی پشكی بەردەكەوێت
kurdistan24.net

K24 – هه‌ولێر:

ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان مەرجی بزووتنەوەكەی بۆ ھاتنە ناو حكومەت ئاشكراى كرد، رەنگە ئەمە دەرخەری ئەو راستییە بێت كە گۆڕان مەیلی بەشداریكردنی لە حكومەتدا ھەیە، لەبەرامبەردا پارتی ئامادەنییە بەشداری بە ھەموو حزبەكان بكات، ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی دەڵێت: ھەر حزبێك بەشداری پێبكرێت بۆ ناو حكومەت بەقەد سەنگی خۆی پشكی بەردەكەوێت.

باسكردنی شەراكەتی راستەقینە و دەستكراوەییان لەناو حكومەت، رەنگە پەردە لەسەر ئەو نھێنییە ھەڵبداتەوە، كە گۆڕان دەیەوێت دەست بۆ چوونە ناو حكومەت درێژ بكات.

دوای دانیشتنی یەكەمی خولی نوێی پەرلەمانی كوردستان، کەسێك لەلایەنی براوە بۆ پێكھێنانی حكومەت رادەسپێردرێت، كاندیدی راسپێردراو لەماوەی مانگێكدا لەگەڵ حزبەكان دەست بە گفتوگۆكان دەكات، ئەوەی تا ئێستا روون و ئاشكرایە كاندیدی راسپێردراوی پارتی بۆ پێكھێنانی حكومەت سەردانی ھەموو لایەنەكان دەكات، بەڵام مەرج نیە ھەموویان قاچ بخەنە ناو حكومەتەوە.