كۆمسیۆن لەبارەی بەكارھێنانی مۆبایل لە بنكەكانی دەنگدان روونكردنەوە دەدات

كۆمسیۆن دەنگدەران ئاگادار دەكاتەوە

K24 - ھەولێر

كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێمی كوردستان لەبارەی بردنە ژووری مۆبایل بۆ بنكەكانی دەنگدان لە رۆژی ھەڵبژاردن، دەنگدەران ئاگادار دەكاتەوە كە بەكارھێنانی مۆبایل لە بنكەكانی دەنگدان قەدەخەیە.

لە راگەیەندراوێكی كۆمسیۆن كە وێنەیەكی دەست كوردستان24 كەوتووە تێیدا ھاتووە: "رێگەنادرێت بە بردنە ژوورەوەی ئامێرەكانی وێنەگرتنی فۆتۆگرافی بۆ بنكە و وێستگەكانی دەنگدان یان ناوەندی لەیەك جیاكردنەوەی ژمارەی دەنگەكان كە ھەمان بنكەی دەنگدانە، ئەگەر رەزامەندی پێشوەختی كۆمسیۆن لەسەر ئەم كارە نەبێت".

كۆمسیۆن لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا ئاشكرای كردووە: "نابێت بە وێنە نیازی دەنگدەر لە دەنگدانەكە ئاشكرا بكرێت، تەنانەت ئەگەر دەنگدەرەكە خۆشی رەزامەندی لەسەربێت، ھەروەھا نابێت چاوپێكەوتنی رۆژنامەوانی لەناو بنكەی دەنگدەران ئەنجامبدرێت".