"ئیسرائیل هێرشی كردووهته سهر حهشدی شهعبی"
K24 - ههولێر:
بەرپرسێکی ئەمەریکی، ئیسرائیل بە کوشتنی 22 چەکداری حەشدی شعبی لە شارۆچکەی ئەلبوکەمالی سووریا تۆمەتبار دەکات.
بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی فرانس پرێس، دوێنێ لە هێرشی فرۆکەیەکی نەناسراو بۆ سەر شارۆچکەی ئەلبوکەمال: "52 چەکدار کە پشتیوانی لە حکوومەتی سووریا دەکەن و زۆربەیان عێراقین کوژراون".
لای خۆیانەوە هێزەکانی حشدی شعبی کوژرانی 22 چەکدار و برینداربوونی 12 دیکەی لەو هێرشەی دوێنێ راگەیاند و وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش ئیدانەی هێرشەکەی کرد.
راستەوخۆ دوای هێرشەکە، حکوومەتی سووریا و حشدی شعبی، ئەمەریکایان تۆمەتبارکرد بەو هێرشە، بەڵام واشنتن رەتیکردەوە.
لەو بارەیەوە ئەمڕۆ (19/06/2018) بەپرسێکی ئەمەریکی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت لە رێگای تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێنی ئەمەریکی گوتوویهتی: " ئیسرائیل، نەک ئەمەریکا لەو هێرشە بەرپرسیارە کە بۆتە هۆی کوژرانی دەیان چەکدار لەسەر سنووری عێراق و سووریا".
ئەو بەرپرسە دەشڵێت: "پینتاگۆن بە روونی رایگەیاندووە، ئەوان ئەو هێرشەیان ئەنجام نەداوە".
پێشتر بینیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە پەیوەندییەکی تەلەفونی لەگەڵ ڤلادمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا، و مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، رایگەیاندووە: "ئێمە کردەوەمان دەبێت و کردەوەشمان هەیە دژی هەوڵەکانی ئێران وهاوپەیمانەکانی بۆ بەهێزکردنی هەژموونی سەربازی ئێران لە سەر سنوور و ناوەوەی وڵاتی سووریا".