گاریس بەیل: گۆڵی یەکەمم جوانترین گۆڵی کاروانی وەرزشی خۆم بوو

بەیل: ئەگەر هەموو هەفتەیەک یاریی نەکەم ئەم هاوینە بڕیاری خۆم لەبارەی چارەنووسم دەدەم

گاریس بەیل کە بووە یەکەم یاریزان لە مێژووی چامپیۆنزلیگ وەکو یاریزانی یەدەگ لە نیوەی دووەمی یاریی کۆتایی دوو گۆڵ تۆمار بکات، بە باشترین یاریزانی یارییەکە دەستنیشانکرا و گۆڵی یەکەمی خۆی بە جوانترین گۆڵی کاروانی وەرزشی خۆی دانا و لەبارەی چارەنووسی خۆشی لە ریال مەدرید قسەی دڵی خۆی درکاند.

گاریس بەیل، هێرشبەری ریال مەدرید
بەداخەوە من لە سەرەتاوە یاریم نەکرد، بەڵام راهێنەر بڕیار لەم شتانە دەدات، گرنگ ئەوەیە بەشداریم کرد و شوێنپەنجەی خۆم لە یارییەکە بەجێهێشت، ئەو گۆڵەی لە یارییەکە تۆمارم کرد بۆ من وەکو خەونێک وابوو، تۆمارکردنی گۆڵێکی لەمشێوەیە لە بۆنەیەکی واگەورە وەکو خەونێک وایە بێتە دی، من پێشتر گۆڵم بە شێوەی بایسکل کیک تۆمار نەکردووە، یەکەمجارە گۆڵ بەمشێوەیە تۆمار دەکەم، بەڵام لە بەختی من لە بۆنەیەکی گەورە بەمشێوەیە تۆڕی گۆڵم هەژاند، ئەمە جوانترین گۆڵی کاروانی وەرزشی خۆم بوو.
سەبارەت بە داهاتووی خۆم، من پێموایە پێویستە هەفتانە من یاریی بکەم، من واهەست دەکەم دەبێت من هەفتانە یاریی بکەم، چونکە دوای ئەوەی مەن بۆ ماوەی شەش هەفتە تووشی پێکان بووم بە دۆخێکی باشدا تێپەڕ دەبووم، بۆیە ئەگەر بزانم من ناتوانم لێرە هەفتانە یاریی بکەم، ئەوا پێویستە لەگەڵ بەڕێوەبەری کارەکانم دابنیشم و ئەم هاوینە بیرێکی لێبکەمەوە، من ئێستا کاتێکی باشم لەبەردەستە بۆ ئەوەی پشوو بدەم، دواتر دەزانم پێویستە چیبکەم.