ئه‌مريكا: عێراق ئێس 400 بكڕێت رووبه‌ڕووى سزا ده‌بێته‌وه
K24 – هه‌ولێر:
ئه‌مريكا هۆشدارى دايه عێراق و ئه‌و وڵاتانه‌ى به نيازن، سيستمى به‌رگرى رووسيای ناسراو به ئێس 400 بكڕن. هه‌ڕه‌شه‌ى ئه‌وه‌شى كرد، به ياساى "به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى نه‌يارانى ئه‌مريكا"(CAATSA) رووبه‌ڕووى سزايان ده‌كاته‌وه.
به‌گوێره‌ی كه‌ناڵی رووسیا توده‌ی، له وه‌ڵامى پرسيارێكدا له باره‌ى ئه‌گه‌رى كڕينى سيستمى به‌رگرى مووشه‌كى ئێس 400ى رووسى له لايه‌ن عێراقه‌وه، هێزه‌ر نوێرت، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مريكا، گوتى: "ئه‌مريكا له‌گه‌ڵ زۆر له وڵاتان قسه‌ى كردووه. له‌وانه‌ش عێراق. ناوه‌ڕۆكى ئه‌و ياسايه‌ى ئه‌مريكاى بۆ روونكردوونه‌ته‌وه. كه ئه‌گه‌ر ئه‌و سيستمه بكڕن ئه‌مريكا چۆن مامه‌ڵه‌يان له‌گه‌ڵدا ده‌كات و چ لێكه‌وته‌يه‌كى ده‌بێت".
نوێرت گوتيشى: "زانياريم له‌به‌ر ده‌ست نييه، ئايا عێراق و رووسيا له باره‌ى ئه‌و سيستمه مووشه‌كييه‌وه گه‌يشتوونه‌ته رێككه‌وتن، يان نا".
پێشتر، سه‌رۆكى ليژنه‌ى به‌رگرى و ئاسايش له ئه‌نجوومه‌نى ئيتحادى په‌رله‌مانى رووسيا، ڤيكتۆر بۆنداريڤ، رايگه‌ياندبوو، هه‌ريه‌ك له سووريا، عێراق، سودان و ميسر، پاڵێوراون بۆ پێدانى سيستمى به‌رگرى مووشه‌كى ئێس 400".
باڵيۆزى رووسياش له به‌غدا، ماكسيم ماكسيمۆڤ، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه كردبوو، لايه‌نى عێراقى له سه‌روبه‌ندى داواكردنى بۆندى كڕينى چه‌كى رووسين، كه سيستمى به‌رگرى مووشه‌كى ئێس 400يش ده‌گرێته‌وه.
سه‌رۆكى ئه‌مريكا، دۆناڵد تره‌مپ له 2ى ئاب/ ئۆگستى رابردوودا، ياساى "به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى نه‌يارانى ئه‌مريكا له رێى سزاكانه‌وه"ى په‌سند كرد، بۆ دژايه‌تيكردنى رووسيا، ئێران و كۆرياى باكوور.
له پايزى 2017دا، ئيداره‌ى ئه‌مريكا ليستێك ناوى ئه‌و كه‌س و كۆمپانيايانه‌ى بڵاوكرده‌وه، كه له كه‌رتى به‌رگرى و هه‌واڵگرى رووسيدا كارده‌كه‌ن و رايگه‌ياند، هه‌ر كه‌س و لايه‌نێك له‌گه‌ڵ ئه‌وانه مامه‌ڵه بكات، رووبه‌ڕووى سزاكانى ئه‌مريكا ده‌بێته‌وه.
وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مريكا، رۆژى 29ى كانوونى دووه‌م/ يه‌نايه‌رى رابردوو، بڵاويكرده‌وه، به هۆى ئه‌و ياسايه‌ى ئه‌مريكاوه، پيشه‌سازى سه‌ربازى رووسيا به به‌هاى سێ مليار دۆلار زيانى به‌ركه‌وتووه، به‌ڵام ڤيكتۆر بۆنداريڤ، ئه‌و ژماره‌يه‌ى ره‌تكرده‌وه و گوتى: "ئه‌وه له هيچه‌وه وه‌رگيراوه".
وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى رووسيا، سێرگى لاڤرۆڤ، له باره‌ى ئه‌و ياسايه‌وه رايگه‌ياند، ئه‌و ياسايه‌ى ئه‌مريكا "كێبڕكێيه‌كى پاك نييه". ئامانجى دوورخستنه‌وه‌ى چه‌كى رووسييه له بازاره‌كان.
H.B