20 تووشبووی كۆرۆنا لە ھەولێر باری تەندروستیان ناجێگیرە

ئێستا 449 تووشبووی كۆرۆنا لە نەخۆشخانەكانی ھەولێرن
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ھەولێر ئاشكرای دەكات، 20 تووشبووی كۆرۆنا لە نەخۆشخانەكانی ھەولێر باری تەندروستیان ناجێگیرە.

د. دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ھەولێر بە كوردستان24ی راگەیاند: "ئێستا 449 تووشبووی كۆرۆنا لە نەخۆشخانەكانی ھەولێر ھەن، لەو ژمارەیەدا 20 كەسیان باری تەندروستیان ناجێگیرە و شەشیان لە بەشی چاودێری چڕدان".

گوتیشی: "ژمارەی گەنجان لەناو تووشبووان زیادیكردووە، بەڵام ئەوانەی بە تەمەن و نەخۆشی درێژخایەنیان ھەیە، كۆرۆنا زیاتر كاریگەریان لێدەكات".

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ھەولێر، ئاماژەی بەوەشكرد: "تائێستا ھەرێمی كوردستان لەنێو شەپۆلی یەكەمی كۆرۆنادایە، بەڵام شەپۆلەكە بووەتە دوو قۆناغ، لە قۆناغی یەكەمدا رێكارەكان باشتر جێبەجێكران و ڤایرۆسەكە بە ھیواشی بڵاوبووەوە،و تا رادەیەكی باش كۆنترۆڵكرا، بەڵام ئێستا ژمارەی تووشبووان زیاترە و باری تەندروستی نەخۆشەكانیش ناجێگیرترە".