وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هەرەشە لە ترەمپ دەکات

"ئەوەی زیان بە هاوبەشەکەی بگەیەنێت، بۆ هەمیشە لەدەستی دەدات"

K24 – هه‌ولێر:

هێیکۆ ماس، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، هۆشداری دەداتە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لەوەی تاک لایەنە و لەسەر حسابی هاوپەیمانەکانی ئەوروپا رێککەوتن لەگەڵ ڤلادمیر پوتین، سەرۆکی رووسیا، نەکات.

بڕیارە سبەی تره‌مپ و پوتین لەھێلسنکی پایتەختی فینلاند کۆببنەوە، ئەمەش بەیەکەم کۆبوونەوەی لووتکە دادەندرێت لەنێوان ھەردوولادا.

سەرۆکی ئەمەریکا پەیوەندییەکی خراپی لەگە ئەوروپا دروستکردووە. هاوپەیمانەکانی ترسی ئەوەیان هەیە، ترەمپ بۆ گەیشتن بە ئامانجە سیاسییەکانی لەگەڵ رووسیا، بەرژەوەندی وڵاتانی ئەوروپی فەرامۆشبکات.

لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی بیلدی ئەڵمانی، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لەو بارەیەوە رایگەیاند: "رێککەوتنی تاک لایەنە لەسەر حسابی هاوپەیمانەکانی، زیان بە ئەمەریکاش دەگەیەنێت. ئەوەی کە زیان بە هاوبەشەکەی دەگەیەنێت، مەترسی لەدەستدانی ئەو هاوبەشەی بە یەکجاری بۆ دروست دەبێت".

پێشتر ترەمپ، ئەڵمانیای بەوە تۆمەتبارکردبوو کە یارمەتی دارایی رووسیا دەدات لە رێگەی کڕینی گازی سروشتی رووسی لە کاتێکدا بە گووتەی ترەمپ ئەمەریکا پارەیەکی زۆر خەرج دەکات بۆ پاراستنی ئەوروپا لەدەست مۆسکۆ.

H.J