دوای جبووری عه‌للاویش داوای دووباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌كات
K24 – هه‌ولێر:
(ئه‌یاد عه‌للاوی)، سه‌رۆكی ئیئتیلافی نيشتيمانى داوايكرد، حكوومه‌تێكی كاربه‌ڕێكه‌ر بۆ عێراق پێكبهێندرێت و له‌ماوه‌ی (6 تا 8) مانگی داهاتووشدا هه‌ڵبژاردنێكی نوێ ئه‌نجامبدرێته‌وه.
نووسینگه‌ی میدیایی سه‌رۆكی ئیئتیلافی نيشتيمانى له به‌یاننامه‌یه‌كدا ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، "له گوتاره‌كه‌ی نوێنه‌ری ئه‌مینداری گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كاندا بۆ ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه كراوه‌ته‌وه، كه ساخته‌كاری زۆر مه‌ترسیدار له هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقدا كراون، له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه وته‌بێژی فه‌رمی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا جه‌ختی كردووه‌ته‌وه، هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق له كه‌شێكی پڕ له كێشه و ساخته‌كاریدا به‌ڕێوه‌چوون، وێڕای ئه‌وه‌ش رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی عێراقی و جیهانی عه‌ره‌بی تایبه‌ت به هه‌ڵبژاردنه‌كان ئاماژه‌یان به بوونی زیاده‌ڕۆیی گه‌وره كردووه، دواتریش چه‌ند ده‌نگێكی ناڕازی له‌ناو خودی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانیش به‌رز بووه‌وه، ئه‌مه‌ش خه‌ڵكی عێراقی زۆر تووڕه كرد".
له به‌یاننامه‌كه‌ی عه‌للاویدا هاتووه، "لێدوانه‌كانی سه‌عید كاكه‌یی، ئه‌ندامی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن له‌باره‌ی كۆمسیۆنه‌وه زۆر مه‌ترسیدار بوون، دواتریش ریاز به‌دران، كه ئه‌ندامێكی دیكه‌ی كۆمسیۆنه دووپاتیكرده‌وه، نزیكه‌ی (800) هه‌زار فۆڕمی ده‌نگدان به‌ساخته خراونه‌ته ناو سندووقه‌كانی ده‌نگدانه‌وه".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه، "به هه‌زاران تانه و سكاڵا له‌لایه‌ن كوتله سیاسییه‌كانه‌وه پێشكه‌ش كراون، هه‌ر ئه‌مه‌ش بوو بووه هۆی ئه‌وه‌ی هه‌ریه‌ك له ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردن ته‌حه‌ددای كۆمسیۆن بكه‌ن، له‌پێناو روونی و شه‌فافی زیاتر رێككاری دیكه بگرنه‌به‌ر و بڕیاری هه‌ژماركردن و هه‌ڵاوێركردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست بده‌ن، كۆمسیۆنیش به ده‌سته‌یه‌كی دادوه‌ران بگۆڕنه‌وه".
له به‌شێكی دیكه‌ی به‌یاننامه‌كه‌ی ئه‌یاد عه‌للاویدا ئاماژه بۆ ئه‌وه كراوه، "هه‌ر ئه‌نجوومه‌نێكی نوێنه‌ران یانیش وه‌زیران له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌نجامێكی ساخته‌كارانه پێكبهێندرێت و گومان له ته‌ندرووستی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن بكرێت، ئه‌وا له گه‌له‌كه‌ی "خه‌ڵكه‌كه‌ی" داده‌بڕێت و بناغه‌كه‌شی له‌رزۆك ده‌بێت، وێڕای ئه‌وه‌ی كه‌پێویسته له ده‌ستوه‌ردانی هه‌رێميی و نێوده‌وڵه‌تییه‌وه دوور بێت، كه به‌داخه‌وه له عێراق زۆر دركی پێ ده‌كرێت".
عه‌للاوی داواشی له ده‌سه‌ڵاته‌كانى هه‌ریه‌ك له سه‌رۆكایه‌تی كۆمار، ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری و هێزه سیاسییه‌كان كرد، خۆیان بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تێكی كاربه‌ڕێكه‌ر ئاماده بكه‌ن و كار بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنێكی پاك و بێ ساخته‌كاری له‌ماوه‌ی (6 تا 8) مانگی داهاتوودا بكه‌ن، بۆئه‌وه‌ی هیچ بۆشاییه‌كی ده‌ستووری له وڵات درووست نه‌بێت.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌يه‌دا، ئه‌مڕۆ له سه‌روبه‌ندى سووتانى كۆگايه‌كى كۆميسيۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان له ناوچه‌ى ره‌سافه‌ى شارى به‌غدا، سه‌ليم جبوورى، سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، داوايكرد، پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران دووباره بكرێنه‌وه.
له به‌یاننامه‌یه‌كدا كه له نووسینگه‌ی جبووری ده‌رچووه، جه‌خت كراوه‌ته‌وه، "تاوانی سووتاندنی كۆگای تایبه‌ت به سندووقه‌كانی ده‌نگدان له ناوچه‌ی ره‌سافه، مه‌به‌ستدار بووه و پلانی پێشوه‌خته‌ی بۆ داڕێژراوه و ئامانج لێی په‌رده‌پۆشكردنی ساخته‌كاری و چه‌واشه‌كردنی گه‌لی عێراق و گۆڕینی خواست و به‌لاڕێدابردنی بژارده‌ی خه‌ڵكی عێراقه".
له به‌یاننامه‌كه‌دا جبووری دووپاتیكردووه‌ته‌وه، "دوای ئه‌وه‌ی ساخته‌كارییه‌كان له ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن و ده‌ستكاريكردنێكى مه‌ترسیدار له خواستى گه‌لی عێراق پشتڕاست كرانه‌وه و دواجاریش ئه‌مڕۆ ده‌نگی گه‌ل سووتێندرا، پێویسته هه‌ڵبژاردن دووباره بكرێته‌وه".
جبوورى داواى له ده‌زگا ئه‌منییه‌كان و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی شاری به‌غداش كرد، "رێككاری ئه‌منی توند، كه له‌گه‌ڵ قه‌باره‌ی ئه‌و تاوانه ده‌گونجێت بگرنه به‌ر و به‌زووترین كات ئه‌جێنداكانی پشت تاوانى ساخته‌كاری و سووتاندنى سندووقه‌كانی ده‌نگدانيش ئاشكرا بكه‌ن".
سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق داوای له لێژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری په‌رله‌مانی عێراق و دامه‌زراوه‌كانی چاودێری و میدیاكان كرد، "به‌وردی به‌دواداچوون بۆ ئه‌و پرسه بكه‌ن، به‌شێوه‌یه‌كی بێلایه‌نانه و به روونی و شه‌فافی زانیارییه راسته‌قینه‌كان به خه‌ڵكی عێراق رابگه‌یه‌نن".
HB