كه‌جه‌كه‌ داوا له‌ چه‌كداره‌ كورده‌كانی سه‌ر به‌ حكوومه‌تی توركیا ده‌كات شه‌ڕی عه‌فرین نه‌كه‌ن

"ھەرگیز مێژوو لێتان نابوورێت"

K24 - ھەولێر

هاوسەرۆکایەتیی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاكێن کوردستان (کەجەکە) لە راگەیەندراوێكدا داوا لە چەكدارە كوردەكانی سەر بە حكوومەتی توركیا دەكات، كە ھاوكاری سوپای توركیا نەكەن لە ھێرشكردنە سەر عەفرین.

لە راگەیەندراوەكەی كەجەكە ھاتووە: "حکوومەتی تورکیا هەوڵدەدات هەمووان بکاتە هاوبەشی تاوانەکانی خۆی، دەیەوێت بەکرێگیراوەکان لە سیاسەتە داگیرکارانەکانیدا بەکار بێنێت و بەو شێوەیە کورد لە دژی کورد بەکاربێنێت بۆ هێرشی سەر عەفرین. ئەو بەکرێگیراوانە ئەگەر بەشداری نەکەن لە هێرش بۆ سەر گەلەکەیان، گەلی کورد لێیان دەبورێت، با چەکەکەیان بەرەو رووی خەڵکی عەفرین نەگرن و نەبنە ئامێری داردەستی دوژمن".

لە بەشێكی ئەو پەیامە ھاتووە: "ئەوانەی راستەوخۆ و یان ناڕاستەوخۆ بەشداربن لە هێرشكردنە سەر عەفرین، لە مێژوودا وەك تاوانبار دەناسرێن و ھەرگیز مێژوو لێیان نابورێت".

چەكدارە كوردەكانی سەر بە حكوومەتی توركیا پەكەكە بە "بەكرێگیراو" ناویان دەبات و حكوومەتی توركیاش بە "گوند پارێز".

ئەو پەیامەی كەجەكە لە كاتێكدایە كە ئەمڕۆ 41 رۆژە ھێرشی ئاسمانی و زەمینی توركیا بۆسەر عەفرین بەردەوامە و بە گوێرەی دوایین ئاماری ئەنجوومەنی تەندروستی عەفرین تائێستا نزیكەی 200 ھاووڵاتی سڤیل شەھید بوونە و زیاتر لە 550 كەسی دیكەش برینداربوونە.

H.M