"رامین حوسێن پەناھی بۆ لەسێدارەدانی گواستراوەتەوە تاران"

بنەماڵەكەی ھەواڵەكە پشتڕاست دەكەنەوە

K24 - ھەولێر

بنەماڵەی رامین حوسێن پەناھی، پشتراستیان كردەوە كە كوڕەكەیان بە مەبەستی جێبەجێكردنی سزای لەسێدارەدان، بۆ زیندانی رەجایی شاری كەرەج گواستراوەتەوە.

ئەمجەد حوسێن پەناھی، برای رامین حوسێن پەناھی لە تویتێكدا لە ھەژمارەی تایبەتی خۆی لە تویتەر رایگەیاندووە، كە ھێزە ئەمنییەكانی ئێران براكەیان بۆ لەسێدارەدان گواستووەتەوە تاران.

كەمپینی بەرگری لە زیندانیانی سیاسی و مەدەنی لە راگەیەندراوێكدا ئەوەیان خستووەتەڕوو: "دوای بڵاوبوونەوەی ھەواڵی گواستنەوەی رامین حوسێن پەناھی زیندانی سیاسی كورد لە سنەوە بۆ تاران، بنەماڵەكەی پشتراستیان كردووەتەوە كە گواستنەوەی بە مەبەستی جێبەجێكردنی سزای لەسێدارەدانی بووە".

ھاوكات دەگوترێ رامین حوسێن پەناھی لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بنەماڵەكەی ئاشكرای كردووە كە بەرپرسانی زیندانی رەجایی شاری كەرەج پێیان راگەیاندووە، سزاكەی لە ماوەیەكی نزیكدا جێبەجێ دەكرێت.

تائێستا چەندین رێكخراوی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی بە فەرمی داوای راگرتنی سزای لەسێدارەدانی ئەو زیندانیە سیاسیە كوردەیان كردووە.

رامین حوسێن پەناھی لە 23/6/2017، بە تۆمەتی ئەندام بوون لە پارتێكی سیاسی رۆژھەڵاتی كوردستان، لەلایەن كۆماری ئیسلامی ئێران دەستگیركرا، لە 25/1/2018، بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ دەركرا.

ھ.م