کچە کوردێکی ئێزدی لە تورکیا رزگار کرا

دوای شەش ساڵ بە كەسوكاری شادبووەوە

K24 - دھۆك

كچە كوردێكی ئێزدی دوای شەش ساڵ بێسەروشوێن بوونی لە وڵاتی توركیا دۆزرایەوە و گەڕێندرایەوە ھەرێمی كوردستان.

لە رۆژی 3/8/2014 حەلیمە حوسێن خەڵەف، خەڵکی گوندی (تەلقەسەب) لە رۆژهەڵاتی شنگال، لە تەمەنی 16 ساڵیدا بوو، كاتێك چەكدارانی داعش ھێرشیان كردە سەر بە گوندەکەیان. حەلێمە لەگەڵ سەدان کچ و ژنی کوردی ئیزیدی رفێندرا. پاش شەش ساڵ و لە تەمەنی 22ساڵی دا، و دوای گەڕان و بەدواداچوون لەلایەن نووسینگەی رزگارکراوەکان و کەسوکارییەوە، حەلیمە لە تورکیا رزگارکرا.

 سەر لە بەیانی ئەمڕۆ شەممە لە رێگای دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیلەوە حەلیمە گەییشتەوە هەرێمی کوردستان و لەلایەن كەسوكار و نوێنەری نووسینگەی رزگارکراوەکانەوە پێشوازی لێکرا و پاشان لەلایەن تێمێکی تەندروستییەوە بۆ شوینێکی کەرەنتینەکردن لە دهۆک گوێزرایەوە.

سەعید خەڵەف، مامی حەلیمە، بە کوردستان24ی گوت: "نزیکەی ساڵێک دەبێت ئێمە لەگەڵ نووسینگە رزگاركراوانی لە دهۆک، بۆ زانیاری و چارەنووسی حەلیمەی برازام گەڕان و بەدواچوون دەکەین، دوای زانیمان کە لە دوای رفاندنی بۆ چەندین جار فرۆشراوە و دەستاودەستی پێکراوە، لەنێوان بەعاج و مووسڵ و چەند شارێکی سووریا، و پاشان لە توکیا دۆزیمانەوە".

مامی حەلیمە باس لەوەشکرد کە " 85 کەس لە بنەماڵەکەیان بە دەستی داعش رفێندراون و تائێستا چارەنووسی 18یان دیار نییە".

لە کاتی گەییشتنی داعش بۆ دەڤەری شنگال لە 3ی مانگی 8ی ساڵی 2014،  (6417) کەس رفێندران، کە 3532 کەس تائێستا رزگارکراون و 2885کەسی دیكە هێشتا بێسەروشوێنن کە 1306 لە رەگەزی مێنە و 1579 لە رەگەزی نێرن.