به‌ وێنه‌.. كاره‌كانی پردی ناحیه‌ی پردێ ته‌واو بووه‌

یه‌كشه‌ممه‌ رێگه‌ی هه‌ولێر – كه‌ركووك ده‌كرێته‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

كاره‌كانی بنیاتنانی پردی ئاسنینی ناحیه‌ی پردێ ته‌واو بووه‌ و بڕیاره‌ رۆژی یه‌كشه‌ممه‌، 19ی ئاب رێگه‌ی نێوان هه‌ولێر و كه‌ركووك بكرێته‌وه‌.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی كوردستان 24، کارکردن له‌ پرده‌كه‌ گەیشتووه‌تە قۆناخی کۆتایی و بڕیارە رۆژی یەکشەمە رێگه‌كه‌ بۆ هاتووچۆی هاووڵاتییان بكرێته‌وه‌.

دوای چەندین كۆبوونەوە لەنێوان شاندی ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق، لە چەند رۆژی رابردوودا گەیشتنە رێككەوتن بۆ چاككردنەوەی پردی ناحییەی پردێ و كردنەوەی رێگەی ھەولێر- كەركووك.

دوای 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 پردی ناحییەی پردێی سەر بە پارێزگای كەركووك بەھۆی ھێرشی حەشدی شەعبی و ھێزەكانی عێراق بۆ سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە زیانی بەركەوت، بەو ھۆیەوەشە ھاتووچۆ لەو رێگە پەكیكەوت، دوای ئاسایی بوونەوەی دۆخەكە ھەرێمی كوردستان یەكلایەنە لە لای خۆیەوە رێگاكەی كردەوە، بەڵام تائێستا حكوومەتی عێراق بە فەرمی رێگاكەی نەكردووەتەوە.

ا. م