وڵاتینامه له بووكه‌كه‌ی داعش وه‌رگیرایه‌وه
K24 - هه‌ولێر:
ده‌سه‌ڵاتدارانی بریتانیا رۆژی سێشه‌ممه 19/2/2019، خانه‌واده‌ی (شه‌میمه به‌یگۆم)یان ئاگادار كردۆته‌وه، كه وڵاتینامه‌ی بریتانیای لێ وه‌رگیراوه‌ته‌وه.
به گوێره‌ی هه‌واڵێكی itvی بریتانی، ئه‌و كچه تازه‌پێگه‌یشتووه‌ی چووه ریزه‌كانی داعش له سووریا و ئێستا ده‌یه‌وێ بگه‌ڕێته‌وه بریتانیا، وڵاتینامه‌ی بریتانیای لێ وه‌رگیراوه‌ته‌وه و بڕیاره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆی ئه‌و وڵاته، به خانه‌واده‌كه‌ی گوتراوه و شه‌میمه ئیتر وڵاتینامه‌ی بریتانیای نه‌ماوه.
ته‌سنیم ئاكونجی، پارێزه‌ری خانه‌واده‌كه له تویته‌ره‌وه ده‌ڵێت: "خانه‌واده‌كه‌ی شه‌میمه زۆر نیگه‌رانن له بڕیاره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆی بریتانیا و بێبه‌شكردنی كچه‌كه‌یان له وڵاتینامه‌ی ئه‌و وڵاته. به‌ڵام ئێمه رێگای یاسایی بۆ تانه‌دان له بڕیاره‌كه ده‌گرینه‌به‌ر".
شه‌میمه ته‌مه‌نی 19 ساڵانه، كاتێك ساڵی 2015 له‌نده‌نی جێهێشت و په‌یوه‌ندی به داعشه‌وه كرد، قوتابی بوو.
(بووكه‌كه‌ی داعش) سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌یه منداڵێكی بووه و به رۆژنامه‌ی تایمزی بریتانی گوتبوو، كه ده‌یه‌وێت بگه‌ڕێته‌وه بۆ بریتانیا، چونكه پێیوایه له‌وێ داهاتووی منداڵه‌كه‌ی باشتر ده‌بێت.