وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە ناوەرۆكی كۆبوونەوەیان لەگەڵ بەغدا دەخەنەڕوو

"هەفتەی داهاتوو سەردانی هەردوو وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە دەکەن"

K24 - ھەولێر

لە راگەیەندراوێكی ھاوبەشدا ھەردوو وەزارەتی پەروەردە و تەندروستی حكومەتی ھەرێمی ناوەرۆكی كۆبوونەوەی ئەمڕۆیان لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی عێراق بۆ وردبینی لە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم دەخەنەڕوو.

لە راگەیەندراوەكەدا ھاتووە: "لە کۆبونەوەکە بڕیاردرا کە تیمەکانی چاودێری دارایی عێراقی فیدراڵ کە پێكدێت لە 16 وردبین دابەشی چوارتیم بکرێن و هەفتەی داهاتوو سەردانی هەردوو وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە دەکەن بە مەبەستی دەستکردن بە پرۆسەی وردبینی لیستی مووچە خۆرانی هەردوو وەزارەت لە رێگەی وەرگرتنی چەند نموونەیەك، هەروها لیژنەکە رەزامەندی دەربڕی لەسەر بەرزکردنەوەی پێشنیاری نوێنەرانی وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێم بۆپێدانی مووچەیەکی تەواو لەگەڵ دەستپێکردنی کاری لیژنەی وردبینی بۆ بەڕێز ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ".

 

دەقی راگەیەندراوەكەی وەزارەتی تەندروستی و پەروەردەی ھەرێمی كوردستان

ئەمڕۆ چوارشەمە 17/1/2018، کاتژمێر 9 بەیانی دووەم کۆبوونەوەی لیژنەی وردبینی هەردوو وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە لە وەزارەتی پلاندانانی عێراقی فیدڕاڵ، ئەنجامدرا بەئامادەبوونی سەرۆك و ئەندامانی لیژنەی باڵا و راوێژکاری دارایی  لە وەزارەتەکانی دارایی و تەندروستی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی لیژنەی بایۆمەتری لە وەزارەتی پەروەردەی هەرێم  لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی چاودێری دارایی لە حکومەتی عێراقی فیدراڵ .

لە کۆبونەوەکە بڕیاردرا  کە تیمەکانی چاودێری دارایی عێراقی فیدڕاڵ کە پێك دێت لە 16  وردبین دابەشی چوار تیم بکرێن و هەفتەی داهاتوو سەردانی هەردوو وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە  دەکەن بە مەبەستی دەستکردن بەپرۆسەی وردبینی لیستی موچە خۆرانی هەردوو وەزارەت لە رێگەی وەرگرتنی چەند نموونەیەك، هەروها لیژنەکە رەزامەندی دەربڕی لەسەر بەرزکردنەوەی پێشنیاری نوێنەرانی وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێم بۆ پێدانی مووچەیەکی تەواو لەگەڵ دەستپێکردنی کاری لیژنەی وردبینی بۆ بەڕێز ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ .

هەروها پەلەکردن لە پرۆسەکە و جەختکرایەوە کە لیستی بایومەتری حکومەتی هەرێم بکرێت بە بنەما بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەران.

 

لیژنەی وردبینی هەردوو وەزارەتی تەندروستی و پەروەردەی حکومەتی هەرێم

17/1/2018