ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م كۆنترۆڵكردنی عه‌فرین توركیا ناچار ده‌كات په‌نا بۆ ئێران و ئه‌مه‌ریكا ببات
K24- هه‌ولێر:
ئه‌مڕۆ مه‌ولود چاویش ئۆغلۆ سه‌ردانی ئێران ده‌كات و، سه‌رۆكایه‌تی توركیاش جه‌ختی كرده‌وه، چاویش ئۆغلۆ له سه‌ردانه‌كه‌یدا گفتوگۆ له‌باره‌ی دۆخی عه‌فرین له‌گه‌ڵ به‌رپرسارنی ئێران ده‌كات، هاوكات بڕیاریش وایه له هه‌فته‌ی داهاتوودا كێشه‌گه‌لێك له‌گه‌ڵ رێكس تیله‌سنی هاوتا ئه‌مه‌ریكییه‌كه‌ی تاوتوێ بكات.
ئیبراهیم كالن، وته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی توركیا ئه‌مڕۆ له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له ئه‌نقه‌ره رایگه‌یاند، كرده سه‌ربازییه‌كانی توركیا له سووریا هه‌وێنی كۆبوونه‌وه‌كانی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی ده‌بێت له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له حه‌سه‌ن رۆحانی، سه‌رۆك كۆماری ئێران و محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته، قه‌یرانی عه‌فرینیش یه‌كێكه له گرنگترین بابه‌ته‌كانی كۆبوونه‌وه‌كان.
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، به‌ر له چه‌ند رۆژێك ئێران داوای له توركیا كردبوو، كۆتایی به كرده سه‌ربازییه‌كانی له عه‌فرین بهێنێت، چونكه وه‌ك ئاماژه‌ی پێكرد، ئه‌و هه‌ڵمه‌ته سه‌ربازییه سه‌روه‌ری سووریا پێشێل ده‌كات و دۆخه‌كه‌ش ئاڵۆزتر ده‌كات.
كالن گوتی: توركیا له گفتوگۆكانی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا باسی هاوكارییه سه‌ربازیه‌كانی واشنتۆن بۆ یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل یه‌په‌گه ده‌كات، وێڕای داواكردنی راده‌ستكردنی فه‌تحوللا گوله‌ن رێبه‌ری رێكخراوی خزمه‌ت و، دادگاییكردنی ژمێریاره بازرگانه‌كه‌ی توركیا له ئه‌مه‌ریكا، كه ئه‌مانه هه‌موویان كێشه‌گه‌لێكن بوونه‌ته هۆكاری ژه‌هراویكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌نقه‌ره و واشنتۆنن.
به‌گوێره‌ی ئه‌و به‌رپرسه‌ی توركیا، ئه‌و كێشه سه‌ره‌كیانه ده‌بنه ته‌وه‌ری گفتوگۆكانی نێوان به‌رپرسانی توركیا له‌گه‌ڵ رێكس تیله‌رسنی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا و هێربێرت ماكماسته‌ر راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان، كه پێشبینی ده‌كرێت له هه‌فته‌ی داهاتوودا سه‌ردانی ئه‌نقه‌ره بكه‌ن.
چاویش ئۆغلۆ: پێویسته واشنتۆن پشتگیرییه‌كانی بۆ چه‌كدارانی كورد بوه‌ستێنێت
مه‌ولود چاویش ئۆغلۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا له‌میانه‌ی دیدارێكی ته‌له‌فزیۆنیدا ره‌تی كرده‌وه، هیچ رێككه‌وتن و په‌یوه‌ندییه‌كیان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا له‌باره‌ی عه‌فرینه‌وه هه‌بێت و گوتی: "ئه‌مه‌ریكا هیچ بوونێكی له ناوچه‌ی عه‌فرین نییه، به‌ڵام له‌وانه‌یه له‌سه‌ر ئاستی هه‌واڵگه‌ری بوونی هه‌بێت، هه‌روه‌ك توركیاش رێككه‌وتنی له‌باره‌ی ئۆپه‌راسیۆنی عه‌فرینه‌وه له‌گه‌ڵ هیچ وڵاتێك نییه".
چاویش ئۆغلۆ جه‌ختیشی كرده‌وه،"ئه‌وه‌ی له ئه‌مه‌ریكا ده‌مانه‌وێت، ئه‌وه‌یه كه پێویسته پشتگیرییه‌كانی بۆ ئه‌و رێكخراوه تیرۆریستییه رابگرێت و، چه‌كیان پێ نه‌دات و پارێزگاری‌یان لێ نه‌كات، ئه‌مه‌یه كه به‌راشكاوانه له ئه‌مه‌ریكا چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین". هه‌روه‌ها واشنتۆنی به‌وه تۆمه‌تبار كرد، كه به‌ڵێنه‌كه‌ی بۆ كشاندنه‌وه‌ی هێزه كوردییه‌كان له ناوچه‌ی مونبج له ریف حه‌له‌ب جێبه‌جێ نه‌كردووه.
له وه‌ڵامی پرسیارێكیشدا سه‌باره‌ت به نیگه‌رانییه‌كانی مۆسكۆ به‌رامبه‌ر به عه‌فرین، چاویش ئۆغلۆ گوتی: "ئێمه هیچ ناكۆكییه‌كمان له‌گه‌ڵ رووسیا نییه و له‌گه‌ڵ مۆسكۆ به‌رده‌وام له په‌یوه‌ندیداین، دووپاتیشیكرده‌وه "پێویسته له‌كاتی گونجاو‌دا یه‌كتر ئاگادار بكه‌ینه‌وه، به‌تایبه‌ت له‌كاتی هێرشه ئاسمانییه‌كان و گۆڕانكارییه مه‌یدانییه‌كان. له‌كاتی خۆیدا په‌یوه‌ندی به‌یه‌كتره‌وه بكه‌ین".
ئه‌مه‌ش هاوكاته له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی، كه سه‌رچاوه میدیاییه‌كان باس له‌وه ده‌كه‌ن، به‌م رۆژانه‌ی دوایی، پاش ئه‌وه‌ی چه‌كدارانی گروپی به‌ره‌ی نوسره فڕۆكه‌یه‌كی رووسیان له ئیدلب خسته خواره‌وه و فڕۆكه‌وانه‌كه‌شیان كوشت، فڕۆكه جه‌نگییه‌كان له‌ئاسمانی عه‌فرینیش نابیندرێن.
چاویش ئۆغلۆ: هه‌ره‌شه‌كانی هێزه كوردییه‌كان بۆ سه‌ر توركیا و سووریا وه‌ك یه‌كه
له وه‌ڵامی پرسیارێكدا له‌وه‌ی ئاخۆ هیچ په‌یوه‌ندییه‌ك له‌نێوان ئه‌نقه‌ره و دیمه‌شق هه‌یه، چاویش ئۆغلۆ ره‌تی كرده‌وه هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی دیبلۆماسی له‌نێوانیاندا هه‌بێت.
هاوكات ئه‌و وه‌زیره‌ی توركیا جه‌ختی كرده‌وه، وڵاته‌كه‌ی له "هه‌موو لایه‌نه‌كانی دیكه" زیاتر پشتگیری له یه‌كپارچه‌یی خاكی سووریا ده‌كات و هیچ هه‌ره‌شه‌یه‌كیشیان بۆ سه‌ر رژێمی سووریا نییه، به‌ڵام پێویسته حكومه‌تی سووریا ده‌ستبه‌جێ پێشێلكارییه‌كانی له ناوچه‌كانی غۆته‌ی رۆژهه‌ڵات و ئیدلب بوه‌ستێنێت و هه‌نگاو به‌ره‌و پرۆسه‌یه‌كی سیاسی ئاشتیانه بنێت.
چاویش ئۆغلۆ گوتیشی، خاڵی هاوبه‌ش له‌نێوان هه‌ڵوێستی ئه‌نقه‌ره و واشنتۆن به‌رامبه‌ر به یه‌كینه كوردییه‌كان هه‌یه و گوتی: "من له‌و باوه‌ڕه‌دام بۆچوونی ئێمه و دیمه‌شق له‌باره‌ی یه‌په‌گه وه‌ك یه‌كه، واتا هه‌مان هه‌ڵوێستمان به‌رامبه‌ر به‌و رێكخراوه هه‌یه، كه هه‌وڵ بۆ دابه‌شكردنی خاكی سووریا ده‌دات"، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاماژه به ناكۆكییه‌كانی نێوان ئه‌نقه‌ره و دیمه‌شق بكات.
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه، زۆربه‌ی میدیاكانی جیهان ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن، سه‌ره‌تا توركیا له‌و باوه‌ڕه‌دابوو، كه كۆنترۆڵكردنی عه‌فرین كارێكی زۆر ئاسانه و ده‌توانێت له‌ماوه‌ی ته‌نیا چه‌ند رۆژێكی دیاریكراودا ئامانجه‌كانی له‌و كرده سه‌ربازییه‌دا له‌دژی هێزه كوردییه‌كان بپێكێنێت، له‌كاتێكدا ئه‌و هه‌ڵمه‌ته سه‌ربازییه‌ی پێی ناوه‌ته نۆزده‌مین رۆژییه‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ پێشڕه‌وییه‌كی ئه‌وتۆی كردبێت كه له‌ئاست پێشبینییه‌كاندا بێت.