په‌رله‌مانی كوردستان سوپاسی هه‌وڵه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ رێگرتن له‌ كۆرۆنا ده‌كات

راگه‌یه‌ندراوێك له‌ په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌

K24 – هه‌ولێر:

سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان ستایشی هه‌واڵ و كۆششی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات بۆ رێگرتن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا و رایگه‌یاند، "بە سوپاسەوە دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سنوری تواناکانی بەردەست، درێغییان نەکردووە".

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا، كه‌ وێنه‌یه‌كی ده‌ست كوردستان24 كه‌وتووه‌، هاتووه‌: "بە ناوی پەرلەمانی کوردستانەوە دەستخۆشی لە هەوڵ و ماندووبوونی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە گشتی و پزیشک و کارمەندانی تەندروستی و پێشمەرگە و ئاسایش و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دەکەین بۆ هەموو هەوڵ و ماندووبوونەکانیان".

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌

راگەیەنراوێک لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانەوە

هەرێمی کوردستان و ناوچەکە و جیهان، بە قۆناغێکی سەخت و هەستیاری مێژووی خۆیدا تێدەپەڕێت،کە قۆناغی خۆ پاراستن و رووبەڕوبوونەوەی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنا، وئیدارەدانی  لێکەوتە  تەندروستی و ئابووریەکانیەتی.

هەر لەسەرەتای دەرکەوتنی یەکەم کەیسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان، پەرلەمانی کوردستان لە ریگای لیژنەی تەندروستی و ژینگە و پاراستنی مافی بەکاربەر، لەگەڵ لیژنە تایبەتەمەندەکانی دیکە بەردەوام لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لە دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندیدا بووە و بە دواداچوونی وردی  بۆ ئامادەکارییەکان و گرتنە بەری رێوشوێنە پێویستەکان کردوە.

لێرەوە بە ناوی پەرلەمانی کوردستانەوە دەستخۆشی لە هەوڵ و ماندووبوونی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە گشتی و پزیشک و کارمەندانی تەندروستی و پێشمەرگە و ئاسایش و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دەکەین بۆ هەموو هەوڵ و ماندووبوونەکانیان. هەروەها، وێڕای دەستخۆشی زۆرمان بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان کە سەرباری خراپی دۆخ و گوزەرانیان و لەدەستدانی کاری رۆژانەیان، بە شێوەیەکی باش پابەندی رێنماییە تەندروستییەکانن، بە ناوی پەرلەمانی کوردستانەوە داوا و تکامان لە هاووڵاتیانی خۆشەویست ئەوەیە، بە مانەوەیان لە ماڵەکانیان و پابەند بوون بە رێنماییە تەندروستییەکان، بۆ سەلامەتی خۆیان و تەواوی خەڵکی کوردستان، پشوو درێژتر بن و هاوکاری زیاتر جێبەجیکردنی رێنماییەکان بن. هەروەها سوپاسی زۆرمان بۆ هەموو ئەو دامەزراو و لایەن و کەسانەی کە لە چوارچێوەی کاری خێرخوازی و بەدەمەوەچوونی ئەو کەس و خێزانانەی پێویستیان بە هاوکاری بووە، کاری باشیان کردووە و ئومێدەوارین وەک نەریتێکی مرۆیی و کوردستانیانە هەمووان بە پێی توانا زیاتر هاوکار بن.

ئەرکی بەڕێوەبردن و ئیدارەدانی ئەم قۆناغە سەختە لە تایبەتمەندێتی دەسەڵاتی جێبەجێکردنە، کە بە سوپاسەوە دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سنوری تواناکانی بەردەست، درێغییان نەکردووە.

پەرلەمانی کوردستان، بە لەبەرچاوگرتنی رێنماییە تەندروستییەکان ناتوانێت دانیشتنەکانی خۆی و کۆبوونەوەی لیژنەکانی ئەنجامبدات. لەگەڵ ئەوەشدا، لیژنەی تەندروستی وژینگە و پاراستنی مافی بە کار بەر، لیژنەی پێشمەرگە، لیژنەی دارایی و کاروباری ئابووری و لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجییەکان رادەسپێرێت، کارەکانی چاودێری و بەدواداچوون و پەیوەندی لەگەڵ وەزارەت و دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە لەبەر چاوگرتنی رێنماییە تەندروستییەکان زیاتر بکەن، بۆ دڵنیابوونەوەی  لەوەی هەرچی لە چوارچێوەی تواناکاندایە زیاتر بخرێتە گەڕ بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە.

لەلایەکی دیکەوە، پەرلەمانی کوردستان داوا لە هەموو لایەک دەکات، بە گیانی لێپرسراوێتی نیشتیمانی، هەموومان پیکەوە شان بدەینە بەر تێپەڕاندنی ئەم دۆخە سەختە. ئەم قۆناغە، لە هەر کات زیاتر پێویستی بە گیانی هاوکاری و پێکەوەیی و هاوخەباتی و هاوهەڵوێستی هەموو لایەک و هەموو دامەزراوە دەستووریەکانی هەرێمە.

سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان

29/3/2020