پیاوێک بە بیانووی بوونی جنۆکە 15 ساڵ کچێک دەکاتە کۆیلەی خۆی

15 ساڵ لە ئەشکەوتێکدا دەستدرێژی سێکسی کردۆتە سەر

K24- هه‌ولێر:

پیاوێکی تەمەن 83 ساڵ لە وڵاتی ئەندەنوسیا بە تۆمەتی بە دیلگرتنی کچێکی 28ساڵ و دەستدرێژیکردنە سەری بۆ ماوەی 15 ساڵ، زیندانیکرا.

ئەو پیاوە کاتێک کچەکە تەمەنی تەنها 13 ساڵ بووە رفاندوویەتی و پێی گوتووە "جنۆکە لە لەشیدایە"، لە ئەشکەوتێکدا زیندانیکردووە و شەوانە دەستدرێژی سێکسی کردووەتە سەری.

بە گوێرەی هەواڵێکی بی بی سی، پۆلیسی شاری سولاوێسی لە ئەندەنوسیا پیاوەکەیان بە ناوی جاگۆ بە تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی، دەستدرێژی بۆسەر منداڵ و جادووی رەش دەستگیرکردووە.

ئەو کچە کاتێک تەمەنی 13 ساڵە بووە، لە ساڵی 2003، لەلایەن خێزانەکەی دەبردرێتە لای ئەو پیاوە و ئەویش دەڵێت دەبێت ماوەیەک لەگەڵی بمێنێتەوە تاکو "جنۆکەکە لە لەشی دەردەکات".

پاشان کە خێزانی قوربانییەکە دەگەڕێنەوە بۆ بردنەوەی کچەکەیان، جاگۆ پێیان دەڵێت کچەکە بۆ دۆزینەوەی ئیش چۆتە شاری جاکارتا و لای ئەو نەماوە.

کچەکە لە دوای ئازادکردنی بە میدیاکانی گوتووە: "من مێشکم شۆرابۆوە، ئەو پێی دەگوتووم نابێت بچمە دەرەوە لە ئەشکەوتەکە چونکە جنۆکەکە چاودێریم دەکات".

دادگای شارەکە تۆمەتەکانی بەسەر ئەو پیرە پیاوە ساخکردەوە و 15 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاند.

H.J