ژماره‌يه‌ك له ئافره‌تانى كورد نامهيهك ئاراسته‌ى ناديه موراد ده‌كه‌ن
K24 – هه‌ولێر:
ژماره‌يه‌ك له چالاكانى پرسه‌كانى ئافره‌ت و نووسه‌ر و توێژه‌رانى ئافره‌ت له نامه‌يه‌كدا بۆ ناديه موراد، وێڕاى پيرۆزبايى وه‌رگرتنى خه‌ڵاتى نۆبڵى ئاشتيى، ستايشى هه‌وڵ و ماندووبوونى ناديه موراديان كردووه بۆ هێنانه به‌رباسى تاوانه‌كانى داعش دژ به ئافره‌تانى ئێزدى.
له نامه‌كه‌دا، كه واژووى 253 ئافره‌تى كوردى له ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ى وڵات له‌سه‌ره و وێنه‌يه‌كى بۆ كوردستان24 نێردراوه، هاتووه: "له ناخیدڵهوه پیرۆزبایت لێده‌كه‌ین. پیرۆزبایی به‌خشینی خه‌ڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی. له‌و بڕوایه‌داین، كه ئه‌م خه‌ڵاته دانپێدانانێكی گه‌وره‌یه و پڕواپڕ شایسته‌ی ئێوه‌یه".
هه‌روه‌ها هاتووه: "ئێوه ته‌نها تاوانه‌كانی داعش و هێرشه سێكسوالیه فروانهكانیانتان بۆ سه‌ر ژنان ئاشكرا نه‌كرد، به‌ڵكو رۆشنایهكی وه‌هات خسته سه‌ر ئه‌م بابه‌ته، كه له‌وه‌و پێش كاری وه‌ها نه‌كراوه، به‌جۆرێك ئه‌م بابه‌ته‌ت هێناوه‌ته سه‌ر ئاستی نێونه‌ته‌وه‌یی".
له به‌شێكى ديكه‌ى نامه‌كه‌دا هاتووه: "ئه‌م چالاكيیه ناوازه‌یه‌ی ئێوه حكومه‌ته‌كانی جیهانی دووباره خسته به‌رده‌م ئه‌رك و لێپسراوێتی خۆیان، به‌وه‌ی مه‌سه‌له‌ی توندوتیژی و ده‌ستدرێژی بۆ سه‌ر ژنان به‌هه‌ند وه‌ربگرن و له رێگه‌ی یاساوه تاوانباران سزا بده‌ن".
رۆژى هه‌ينى رابردوو، 5ى تشرينى يه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌رى 2018، نادیە موراد کچە چالاکوانی ئێزدی بواری مافەکانی مرۆڤ و رزگاربووی دەستی داعش و دێنیس موکويگ، پزیشکی قوربانیانی دەستدرێژى سێکسی کۆنگۆیی، لە وڵاتی نەرویج خەڵاتی نۆبڵێ ئاشتییان بۆ ساڵی 2018 پێبەخشرا.
نادیە موراد، لە دایکبووی ساڵی 1993یە، کچە چالاکوانێكی ئێزدییە، دوای ئەوەی لە مانگی ئابی ساڵی 2014، شارۆچكەی شنگال كەوتە دەست رێكخراوی داعش، نادیە وەك زۆر لە كچانی دیكەی ئێزدی رفێندرا، رۆژی 14ى ئه‌يلوول/ سێپتێمبه‌رى 2014 نادیە لە دەستی داعش رزگارى بوو، دوای رزگاربوونی چاوی بە زۆرێك لە سەرۆك و سەركردە دیارەكانی جیھان كەوت و ناوبراو بانگهێشتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تى کرا. لەوێ باروودۆخی ئێزدییەکان و تاوانەكانی داعشی بۆ جیھان گێڕایەوە. لە 5ی کانوونی دووەم/ يهنايری 2016 حکوومەتی عێراق نادییەی بۆ خەڵاتی نۆبڵى ئاشتی كانديد كرد.
ده‌قى نامه‌ى ئافره‌تانى كورد:
بۆ به‌ڕێز نادیه موراد سه‌فیری نیه‌ت باشی و كه‌رامه‌تی قوربانیانی بازرگانیكردن به‌مرۆڤه‌وه له نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، براوه‌ی خه‌ڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی.
ژنانی كورد ده‌ست خۆشیت لێت ده‌كه‌ن و شانازی به دهستهكهوتهكانتهوه ده‌كه‌ن.
سه‌ره‌تا ئێمه، ئه‌وانه‌ی له‌خواره‌وه ئیمزامان كردووه، له ناخیدڵهوه پیرۆزبایت لێده‌كه‌ین. پیرۆزبایی به‌خشینی خه‌ڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی و له‌و بڕوایه‌داین كه ئه‌م خه‌ڵاته دانپێدانانێكی گه‌وره‌یه و پڕواپڕ شایسته‌ی ئێوه‌یه. هه‌روه‌ها پیرۆزبایی له لیژنه‌ی خه‌ڵاتی نۆبڵ ده‌كه‌ین كه له‌كاتی خۆیدا بڕیاڕێكی حه‌كیمانه‌ی داوه به‌به‌خشینی ئه‌م خه‌ڵاته به نادیه موراد. ئێمه خۆشحاڵین به‌وه‌ی به‌ڕێزتان له‌گه‌ڵ كه‌سێكی وه‌ك دكتۆر دێنیس موك وێگهدا خه‌ڵاته‌كه به‌شده‌كه‌ن. دكتۆر دێنیس بێ پسانه‌وه ته‌مه‌نی خۆی له‌دژی به‌كارهێنانی توندوتیژی سێكسوالی به‌سه‌ربردووه، كه وه‌ك چه‌كێك له‌جه‌نگه‌كاندا لایه‌نه‌كان له‌دژی یه‌كتر به‌كاریده‌هێنن.
ئێمه ستایشی ئازایه‌تیه مه‌زنه‌كه‌ت ده‌كه‌ین كه بێ ترس چیرۆكی خۆت و چیرۆكی ژنانی كوردی یهزیدیت بۆ جیهان گێڕایه‌وه، دیاره به‌مه‌ش تۆ نه‌ك ته‌نها چیرۆكی ژنانی یهزیدیت هێنایه به‌ر باس و ئاشكراكردن، به‌ڵكو له‌هه‌مانكاتیشدا تیشكت خسته سه‌ر ئازار و چه‌وساندنه‌وه‌ی میلۆنه‌ها ژن له‌سه‌ر ئه‌م زه‌ویه. ئێوه ته‌نها تاوانه‌كانی داعش و هێرشه سێكسوالیه فروانهكانیانتان بۆ سه‌ر ژنان ئاشكرا نه‌كرد، به‌ڵكو ڕۆشنایه‌كی وه‌هات خسته سه‌ر ئه‌م بابه‌ته، كه له‌وه‌و پێش كاری وه‌ها نه‌كراوه، به‌جۆرێك ئه‌م بابه‌ته‌ت هێناته سه‌ر ئاستی نێونه‌ته‌وه‌یی.
سه‌ره‌ڕای هه‌موو تاڵیه‌ك و له‌ده‌ستدان و ئێش و ئازارێك كه به‌ده‌ستی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی چه‌شتوته، كه ئازارێكی خهیاڵنهكردهیه، تۆ هه‌ر ڕاشكاوانه وه‌ستایت و شكۆدارتر مایته‌وه. تۆ سمبول و ئایدیالی هیوابهخشینیت به ژماره‌یه‌كی بێ شومار له‌ژنان له‌جیهاندا. ژنانێك كه ڕۆژانه و به‌رده‌وام ده‌ڕفێندرێن و بازرگانیان پێوه‌ده‌كرێت، ده‌ستدرێژیان ده‌كرێته سه‌ر، توندوتیژیان به‌رامبه‌ر ده‌كرێت و ده‌كوژرێن.
ئه‌م چالاكیه ناوازه‌یه‌ی ئێوه هیوای به‌خشی به‌و ژنانه‌ی تاوانیان ده‌رهه‌ق كراوه، ئه‌وانه‌ی هیواخوازكردهوه كه تاوانبارانی توندوتیژی دژی ژنان سزای خۆیان وه‌ربگرن. ئه‌م چالاكیه ناوازه‌یه‌ی ئێوه حكومه‌ته‌كانی جیهانی دووباره خسته به‌رده‌م ئه‌رك و لێپسراوێتی خۆیان، به‌وه‌ی مه‌سه‌له‌ی توندوتیژی و ده‌ستدرێژی بۆ سه‌ر ژنان به‌هه‌ند وه‌ربگرن و له‌ڕێگه‌ی یاساوه تاوانباران سزا بده‌ن.
ئێوه به‌م ده‌نگ بهرزكردنهوهتان بوونه ئیلهامبه‌خش بۆ ژنانی دیكه، كه ده‌نگیان له‌دژی تاوانبارانی جه‌نگ به‌رزبكه‌نه‌وه. تۆ مۆدێلێكی باڵا و جه‌نگاوه‌رێكی ئازادی و كه‌رامه‌تی مرۆڤیت.
دووباره ئێمه سڵاو له‌و ئازایه‌تیه‌ت ده‌كه‌ین و پیرۆزبایی گه‌رمی خۆمانت ئاڕاسته ده‌كه‌ین. سڵاو له خه‌باتی به‌ره‌دوامی پڕ شكۆمه‌ندیت و جێگه‌ی شانازی ئێمه‌یت. ئێمه سه‌رسامین به ئازایه‌تی و خه‌باتت، دووباره پیرۆز بێت.
دڵسۆزی و خوشكایهتیمان قبوڵ بكه.
گروپێك له ژنانی كورد له‌هه‌موو شوێنێكی جیهانه‌وه.
11 ئۆ كتۆبهری 2018