ئەنجێلینا جولی: یەكەم جارە وێرانەی وه‌ك مووسڵ ببينم

ئەمە خراپترین وێرانکارییە لە ماوەی کارکردنم لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەیبینم

K24 - ھەولێر

دوای نزیکەی ساڵێك لە ئازادکردنی شاری مووسڵ لە دەست چەکدارانی داعش، ئەنجێلینا جولی، ئەکتەری بەناوبانگی ئەمەریکی و باڵیۆزی نیازپاکیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران، سەردانی ئەو شارەی کرد و بە "گەورەترین وێرانکاری" لە مێژووی کاری خۆیدا"  لە نەتەوە یەکگرتووەکان ناوی برد.

بەگوێرەی هەواڵێکی كه‌ناڵى ئاڕتی رووسی، ئەنجێلینا جۆلی، سەبارەت بە وێرانەکارییەکانی مووسڵ لە پەیامێکی ڤیدیۆی دەڵێت: "لاشەکان لەژێر وێرانەکان ماون، دەتوانی بۆنی لاشەکان بکەیت. هەندێک لە کەسووکاری خەڵکی ئێرە هێشتا لەژێر خانوو و بينا رووخاوه‌كانن و ناتوانن دەریانبهێنن".

ئەو خانمە ئەکتەرەی هۆڵیوود دەشڵێت: "ئەمە خراپترین وێرانکارییە لە ماوەی کارکردنم لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەیبینم".

پەیامەکەیدا داوایەک لە کۆمەڵگەی نێودەڵەتیش دەکات: "من داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەم مووسڵ لەبیر نەکەن، روو لە خەڵکەکەی وەرنەگێڕن".

بەرە بەیانی ئەمڕۆ(17ى حوزه‌يران/ يۆنيۆى 2018) ئەنجێلینا جولی گەيشتە شاری مووسڵ و لە نزیکەوە لێدوانی خەڵکی شارەکەی وەرگرت و پاشان کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسی لە کامپی دومیز لە دهۆک رێکخست.