په‌كه‌كه‌: رووسیا بە ئاڵوگۆڕێكی پیس و ئەوروپا و ئەمریكاش بە بێدەنگیان ئۆپەراسیۆنی سه‌ر عەفرینیان پەسەند كردووە

مسته‌فا كارا‌سو: ئەوانەی داعشیان لەناوبرد كورد بوون و توركیاش كورد و داعش وەك یەك سەیر ده‌كات

K24 - هه‌ولێر:

مەستەفا كاراسو، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری كۆما جڤاكێن كوردستان "كەجەكە" رایگەیاند: "رووسیا بە ئاڵوگۆڕێكی پیس و ئەوروپا و ئەمریكاش بە بێدەنگی خۆیان ئۆپەراسیۆنی توركیایان بۆسەر عەفرین پەسەند كردووە".

كاراسو لە گوتارێكیدا رایگەیاند، ئەوانەی داعشیان لەناوبرد، كورد بوون، بەڵام ئەمرۆ توركیا كورد و داعش وەك یەك سەیر دەكات و عەفرین داگیردەكات، گوتیشی، توركیا لە ئۆپەراسیۆنی عەفرین بە تەنیا نییە، رووسیا بە ئاشكرایی ئاڵۆگۆڕێكی پیسی كرد و رێگەی ئاسمانی لەبەردەم توركیا كردوەوە، ئەوروپا و ئەمریكاش بە بێدەنگی خۆیان ئۆپەراسیۆنی عەفرینیان پەسەند كردووە و ھاوشێوەی رووسیا كارێكی پیس دەكەن.

ئەو ئەندامەی دەستەی بەرێوەبەری كەجەكە رەخنەی توندیشی لە ئەڵمانیا گرتووە بەوەی خۆی رادەستی ھەرەشەكانی توركیا كردووە.

له‌ رۆژی 20/1/2018ـه‌وه‌ سوپای توركیا و میلیشیا هاوپه‌یمانه‌كانی هێرشیان بۆ سه‌ر ناوچه‌كانی غه‌فرین ده‌ستپێكردووه‌، به‌ڵام وه‌ك ئه‌وه‌ی توركیا بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كرد، نه‌یانتوانیوه‌ پێشڕه‌وییه‌كی ئه‌وتۆ بكه‌ن و شه‌ڕڤانانی یه‌په‌گه‌ به‌رگرییه‌كی توند ده‌كه‌ن.