نه‌خشه‌ی پشت بێژه‌ره‌كه‌ی كۆریای باكوور ئه‌مریكییه‌كان ده‌ترسێنێ

له‌ نه‌خشه‌كه‌دا مه‌رامی كیم جۆنگ ئون ده‌خوێننه‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

خه‌ڵكێكی زۆر له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، تووشی شڵه‌ژان و دڵه‌ڕاوكی بووه‌و پاش راگه‌یاندنی تاقیكردنه‌وه‌ی بۆمبه‌ ھایدرۆجینییه‌كه‌ی كۆریای باكوور، ئاماژه‌ی ته‌قاندنه‌وه‌ی یلستۆنیان هه‌ستپێكردووه‌.

ئه‌م به‌یانییه‌ جیهان زانی كه‌ كۆریای باكوور، شه‌شه‌مین تاقیكردنه‌وه‌ی ئه‌تۆمی ئه‌نجامداوه‌و بۆمبه‌ ھایدرۆجینییه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ نزیكه‌ی 10 هێنده‌ی ئه‌وه‌ی پێش خۆی به‌هێزتر بووه‌.

دوای تاقیكردنه‌وه‌كه‌ راسته‌وخۆ، كیم جۆنگ ئون، سه‌رۆكی كۆریای باكوور گووتی: "بۆمبێكی ھایدرۆجینیمان به‌ سه‌ركه‌وتوویی تاقیكرده‌وه‌".

به‌ڵام راپۆرتێكی ته‌له‌ڤیزیۆنی كۆریای باكوور، بووه‌ جێگه‌ی بایه‌خی تایبه‌تی به‌كارهێنه‌رانی ئینته‌رنێت و رۆژنامه‌نووسانی ئه‌مریكا.

هه‌ندێكیان كاتێك نه‌خشه‌ی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكایان له‌ پشت بێژه‌ره‌كه‌ی كۆریای باكووره‌وه‌ بینی،هه‌ستیان به‌ ترس كرد. هه‌ندێك له‌ شاره‌زایان، له‌ نه‌خشه‌ی كه‌ناراوه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ئه‌مریكا، له‌ لای راست و به‌شی خواره‌وه‌‌ ویلایه‌تی فلۆریدا و كه‌ناراوی رۆژئاوا له‌ لای چه‌پ و له‌ ناوه‌ڕاستیشدا چاڵێكی گه‌وره‌یان بینی كه‌ پڕه‌ له‌ ئاو.

شاره‌زایان دانانی ئه‌و نه‌خشه‌ و وێنه‌یه‌یان به‌ كاریكی مه‌به‌ستدار زانیووه‌و گه‌یشتوونه‌ته‌ه‌ ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ی كه‌ "كیم جۆنگ ئون، ده‌یه‌وێت ڤۆڵكانی یلستۆن به‌هۆی بۆمبی ھایدرۆجینی بته‌قێنێته‌وه‌".

به‌ڵام تا ئێستا ئه‌وه‌ روون نییه‌ كه‌ چۆن ده‌گه‌نه‌ ئه‌و شوێنه‌، چونكه‌ به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی پنتاگۆن، ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، به‌شێوه‌یه‌كی زۆر باش به‌ سیستمی به‌رگری پارێزراوه‌.