به‌هۆی پێكدادانی پاسێك و تانكه‌رێك له‌ ئێران 20 كه‌س گیانییان له‌ده‌ستدا

به‌ وێنه‌ و ڤیدیۆ.. شوێنی رووداوه‌كه‌ و به‌شێك له‌ برینداران ببینه‌

K24 - هه‌ولێر:

به‌هۆی پێكدادانی پاسێكی نه‌فه‌رهه‌ڵگر و تانكه‌رێكی گواستنه‌وه‌ی سووته‌مه‌نی، له‌ رێگه‌ی نێوان نه‌تنه‌ز و كاشانی پارێزگای ئیسفه‌هانی ئێران، نزیكه‌ی 20 كه‌س گیانییان له‌ده‌ستدا و 27 كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون.

به‌ گوێره‌ی ئاژانسی هه‌واڵی "ئیرنا"ی ئێرانی، رووداوه‌كه‌ كاتژمێر 11ی شه‌وی رابردوو، له‌سه‌ر رێگه‌ی خێرای نێوان نه‌تنه‌ز و كاشان روویداوه‌ و له‌گه‌ڵ به‌ریه‌ككه‌وتنی پاس و تانكه‌ره‌كه‌، كه‌ سووته‌مه‌نی هه‌ڵگرتووه‌، تانكه‌ره‌كه‌ گڕی گرتووه‌ و ته‌قیوه‌ته‌وه‌.

ئاژانسه‌كه‌، له‌ زاری به‌رپرسانی ته‌ندرووستی و تیمه‌ فریاگوزارییه‌كان بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، له‌ سه‌ره‌تا هه‌ندێك له‌ سه‌رنشیانی ناو پاسه‌كه‌ توانیویانه‌ خۆیان ده‌رباز بكه‌ن، به‌ڵام به‌هۆی زووگڕگرتنی سووته‌مه‌نی ناو ته‌نكه‌ره‌كه‌ و ته‌قینه‌وه‌ی، 20 كه‌س گیانییان له‌ده‌ستدا، كه‌ له‌ناو پاسه‌كه‌ گیریان خواردبوو.

ئه‌و به‌رپرسه‌ روونیشی كردووه‌ته‌وه‌، نزیكه‌ی 27 كه‌سی دیكه‌ش له‌ رووداوه‌كه‌ برینداربوونه‌ و له‌ نه‌خۆشخانه‌ چاره‌سه‌ری پێویستییان بۆ كراوه‌.

ئاژانسی "ئیسنا"ی ئێرانی، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، زۆربنه‌ی سه‌رنشینان هاووڵاتی ناوخۆی ئێرانیین و تا ئێستاش سه‌رچاوه‌ ته‌ندرووستییه‌كان، نه‌یانتوانیوه‌ ناسنامه‌ی مردووان به‌ ته‌واوه‌تی ئاشكرا بكه‌ن و رایانگه‌یاندووه‌، ته‌رمی هه‌ندێكیان بووه‌ به‌ خه‌ڵووز و ناناسرێنه‌وه‌.

ئ. م