پارتى هه‌ڵوێستى خۆى له‌ باره‌ى به‌رهه‌م ساڵحه‌وه‌ راگه‌ياند

سه‌باره‌ت به‌ كانديدكردنى به‌رهه‌م ساڵح له‌ لايه‌ن يه‌كێتييه‌وه‌

K24 – هه‌ولێر:

پارتى ديموكراتى كوردستان، هه‌ڵوێستى خۆى سه‌باره‌ت به‌ كانديدكردنى به‌رهه‌م ساڵح له‌ لايه‌ن يه‌كێتييه‌وه‌ بۆ پۆستى سه‌رۆك كۆمار راگه‌ياند.

له‌و باره‌يه‌وه‌، وته‌بێژى پارتى ديموكراتى كوردستان له‌ راگه‌يه‌ندراوێكدا، كه‌ وێنه‌يه‌كى ده‌ست كوردستان24 كه‌تووه‌، رايگه‌ياند، ئێمە وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنین كە پۆستی سەرۆكی كۆمار ئیستحقاقی گەلی كوردستانە و نابێ هیچ لایەنێك تەنیا بە موڵكی خۆی بزانێت، بۆیە پارتیمان بۆ پڕكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كاندیدی خۆی دەبێت.

ده‌قى راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌:

لێدوانێك لە وتەبێژی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، دەربارەی پاڵاوتنی دكتۆر بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار لەلایەن یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە:

ئێمە لە پارتی دیموكراتی كوردستان لە دوا كۆبوونەوەماندا لەگەڵ جێگری سكرتێری گشتی و بەرپرسی دەستەی كارگێڕی و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی، خواست و هەوڵەكانمان بۆ ئەوە بوو وەك چۆن بە یەكگرتوویی و یەك بەرنامەیەیی لە بەغداین، هەرواش بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار لەسەر یەك كاندید رێكبكەوین، هەروەها وەكو ئیستحقاقی هەڵبژاردن بەحەقی خۆمانزانی  پۆستی سەرۆك كۆمار كە چەند جارێكە لە لایەن یەكێتیەوە كاندیدی بۆ دیاری كراوە، ئەم جاریان لە لایەن پارتیمانەوە و بە كاندیدی پارتیمان پڕ بكرێتەوە، لەم بارەوەش پێشنیاز و را گۆڕینەوەمان هەبووە، بڕیار وابوو برایانی یەكێتی دوای گەڕانەوەیان بۆ كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی ئاگادارمان بكەنەوە، بەڵام ئاگاداریان نەكردینەوە تا ئەمڕۆ لە راگەیاندنەکانەوە بیستمان كە دكتۆر بەرهەم ساڵحيان دوای گەڕانەوەی بۆ ناو یەكێتی تاك لایه‌نە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار پاڵاوتووە.

ئێمە وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنین كە پۆستی سەرۆكی كۆمار ئیستحقاقی گەلی كوردستانە و نابێ هیچ لایەنێك تەنیا بە موڵكی خۆی بزانێت، بۆیە پارتیمان بۆ پڕكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كاندیدی خۆی دەبێت.

مەحمود محەمەد

وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان

19/9/2018