خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دوایین هەینی ساڵدا روو لە شاخەکان دەکەن
K24 - ھەولێر
لە شاری بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دوایین هەینی ساڵی کوردیدا خەڵک بۆ پێشوازی لە هاتنی بەهار و ساڵی نوێ کوردی روو لە کێوی تەرەغە دەکەن، بە چاندنی دار و خاوێن کردنەوەی سرووشت هاوکات خەڵک و گوندنشینەکانی دەوروبەریشی هۆشیاردەکەنەوە کە رێز لە ژینگەکە بگرن.
ئەوان وەکوو نەریتێکی ساڵانە دەیانەوێ لەسەر لوتکەی تەرەغە پێشوازی لە بەهار و ساڵی نوێی کوردی بکەن. ساڵانە ژن و پیاو، کە زۆربەیان لەرێگەی رێکخراوە مەدەنییەکانەوە رێکخراون رێگەیەکی ئەستەم دەبڕن بۆ ئەوەی لەسەر تەرەغەوە هەم پەیامی خۆیان بگەیەنن و هەمیش پێشوەختە باوەش بۆ هاتنی بەهار بکەنەوە.
فستیڤالی ساڵانەی تەرەغە ئیتر وەکوو نەریتێکی لێهاتووە، جگە لەوە شاخەوانییەکی بەکۆمەڵە، هاوکات لەداوێنی تەرەغەش ژینگەپارێزان داردەچێنن، دەورووبەری خاوێن دەکەنەوە، هاوکات خەڵک و گوندنشینەکانی دەورووبەری هۆشیاردەکەنەوە کە رێز لە ژینگەکە بگرن.
فستیڤاڵی تەرەغە چەند ساڵێکە هاوکات کە چالاکییەکی وەرزشی و ژینگەپارێزی بە کۆمەڵە، بەڵام رووییەکی سیاسیشی بەخۆیەوە گرتووە، خەڵکەکە لەسەر لوتكەی تەرەغەو لەو بەرزاییەدا دروشم و پەیامەکانی خۆیان دەڵێنەوەو کوڵی دڵی خۆیان هەڵدەرێژن. بەشداری ئافرەتانی ئەدیب، وەرزشوان و ژینگەپارێز لە فێستیڤاڵی تەرەغەدا بەرچاوە، جگە لەوەش ماوەیەکە لەشارەکانی دەوروبەریش لە فێستیڤاڵی دوایین هەینی ساڵی کوردی لە تەرەغە بەشداری دەکەن و یەکگرتووی خۆیان لەو بەرزاییەوە نیشان دەدەن.
ھ،م